شارپرێس:
ڕاپۆرتی ڕۆژنامه‌یه‌كى چینى، مه‌ترسیه‌كى گه‌وره له‌سه‌ر هه‌ردوو به‌شى ڕۆژهه‌ڵات‌و باشورى كوردستان ئاشكراده‌كات‌و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "ناکۆکیی قووڵی نێوان سعودیەو ئیمارات، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرەو دوو لەتبون دەبات، ئه‌مه‌ش مه‌ترسییه‌كى گه‌وره‌یه بۆسه‌ر دوو به‌شى دابه‌شكراوى كوردستان به‌سه‌ر ئێران‌و عێراقدا".
ڕۆژنامەی (ساوس چاینا سی پۆست) كه ئۆفیسى سه‌ره‌كى له‌شارى هۆنگ كۆنگ-ى چینه ڕ‌اپۆرتێكى بڵاوكردوه‌ته‌وه‌و نوسیویه‌تى، "ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دابەشبوە بەسەر دوو به‌ره‌ى مەترسیداردا، یەکەمیان سعودیە سه‌ركردایه‌تى ده‌كات‌و هه‌ره‌ك له‌تورکیا، قەتەر، میسر‌و پاکستان به‌شدارن‌و هەوڵدەدەن سوریا بکەنەوە بەدەوڵەتێکی ناوه‌ندیى بەهێز".
ڕاپۆرته‌كه ئاماژه‌ى به به‌ره‌كه‌ى دوه‌مى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست كردوه‌و ده‌ڵێت، "ئیمارات، ئیسرائیل‌و هیندستان لەخۆدەگرێت، ڕێککەوتنی بەرگرییان واژۆکردوە تاوەکو هاوسەنگیی هێز بەرامبەر هاوپەیمانییە ئەمنییەکەی ڕیازو ئەنكەرە ڕابگرن".
دواتر ڕاپۆرته‌كه ڕونیكردوه‌ته‌وه، "ئەو جەمسەربەندییەى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست، مەترسیی گەورەی بۆ سەر گه‌لى کورد هەیە؛ چونكه ئەگەر پێکدادانەکانی نێوان هەسەدەو سوپای سوریا دەستپێبکەنەوەو زیاتر په‌ره‌بستێنێت، ئه‌وا پڕۆسەی ئاشتیی نێوان تورکیا‌و پەکەکە بەتەواویی له‌ناوده‌چێت‌و كارى پێناكرێت، ئەمەش دەبێتە هۆی گواستنەوەی ڕاستەوخۆی شەڕەکە بۆ ناو هەرێمی کوردستان‌و ڕۆژهەڵاتی کوردستان".
له‌به‌شێكى دیكه‌ى ڕاپۆرته‌كه‌دا كه وه‌ك گرنگترین خاڵ باسكراوه ئاماژه‌ى به‌وه‌كردوه، "ئیمارات‌و هیندستان ڕێککەوتنی بەرگرییان بۆ ڕوبەڕوبونەوەی بەرەی تورکیا‌و سعودیە واژۆکردوە، ئیسرائیلیش سوریایەکی پارچەپارچەی دەوێت، لەکاتێکدا تورکیا هەوڵی بەهێزکردنەوەی دەدات، له‌هه‌مانكاتدا وڵاتانی کەنداو ئێستا ئیسرائیل وەک سەرچاوەی ناسەقامگیریی دەبینن نەک تەنها هاوبەشێک دژ بەئێران، هه‌روه‌ها تێکچونی دۆخی سوریا، دەبێتە هۆی شکستی پڕۆسەی ئاشتیی لەباکورى كوردستان‌و پەرەسه‌ندنى زیاتر‌و قووڵبونه‌وه‌ى شەڕ لەباشورو ڕۆژهەڵاتى كوردستان".
ڕۆژنامه چینیه‌كه ئه‌مساڵى 2026ى وەک ساڵی گۆڕانی قووڵی سیستمی نێودەوڵەتیی پێناسە كردوه، بۆ ئه‌وه‌ش مونا یەعقوبیان شارەزای ستراتیژیی وتویه‌تى، "هاوپەیمانییەکان وەک خۆیان نەماون؛ لەکاتێکدا پێشتر وڵاتانی کەنداو ئیسرائیلیان وەک هاوبەشێک دژ بەتاران دەبینی، ئێستا کێبڕکێی نێوان ڕیازو ئەبوزەبی‌و تێڕوانینی جیاوازیان بۆ داهاتوی سوریا، ناوچەکەی خستوەتە بەردەم هەڕەشەی شەڕێکی گەورەی فرەڕەهەند".
