نوسینی/ فەرهاد میر محەمەد سادقی
وەرگێڕان/ حەمەدەمین سلێمان
سەرچاوە/ یوریۆنیوز فارسی
لەگەڵ گەیشتنی کەشتیی فڕۆکە هەڵگری USS Abraham Lincoln بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پێشبینییەکان سەبارەت
بە ئەگەری هێرشی ئەمریکا بۆ سەر ئێران زیاتر بووە. هاوکات ترامپ ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند
کە بارودۆخی ئێران "بەردەوام لە گۆڕاندایە" و ڕێژیمی ئێران خوازیاری ڕێککەوتنە.
بەڵام ئەگەری گەیشتن بە ڕێکەوتن چەندە؟ ئایا ڕێگری دەکات لە هێرشی ئەمریکا ؟
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی
ئەمەریکا ڕۆژی دووشەممە بە "ئاکسیۆس"ی ڕاگەیاند، بارودۆخ دەربارەی ئێران
"بەردەوام لە گۆڕاندایە" لەبەرئەوە "هێزێکی گەورەی" ڕەوانەی
ناوچەکە کردووە، بەڵام پێی وایە تاران بەڕاستی دەیەوێت ڕێککەوتن بکات .
بەڕێز ترەمپ وتی: ئەوان دەیانەوێت ڕێکەوتن
بکەن. "من ئەوە دەزانم. زۆر جار تەلەفۆنیان کردووە. دەیانەوێت گفتوگۆ بکەن."
لەم بارەیەوە، بەرپرسێکی کۆشکی سپی ڕۆژی
دووشەممە ڕایگەیاند: ئەگەر ئێران مەیلی بۆ پەیوەندی لەگەڵ واشنتۆن هەبێت. ئەمریکا
ئامادەی هەڵسوکەوت کردنە .
ئەو سەبارەت بە مەرجەکانی گفتوگۆ وتی:
"پێموایە ئەوان مەرجەکان دەزانن. ئاگاداری ئەو مەرجانەن".
ڕۆژنامەی گاردیان ڕۆژی دووشەممە لە ڕاپۆرتێکدا
ڕایگەیاند کە ستیڤ ویتکاف، نێردەی تایبەتی بەڕێز ترامپ، جگە لە داواکارییەکانی پێشووی
ئەمریکا، واتە "ڕاگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆم لە ئێران"، "گەڕانەوەی
پشکنێرانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی" و "کۆتاییهێنان بە پشتیوانی
ئێران لە میلیشیا بە وەکالەتەکان". چەند داواکاریێکی نوێی بۆ ڕێککەوتن خستووەتە
ڕوو، لەوانە گەڕانەوەی پشکنەرانی چەک سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، بردنە دەرەوەی سەرجەم
کۆگاکانی یۆرانیۆمی پیتێنراو لە ئێران، هەروەها سنووردارکردنی بەرنامەی مووشەکیی کۆماری
ئیسلامیی .
دانی سیترینۆڤیچ، لێکۆڵەری باڵای پرۆگرامی ئێران
و میحوەری شیعە لە دامەزراوەی لێکۆڵینەوەکانی
ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیل لەگەڵ ئاماژە بەوەی کە کۆماری ئیسلامیی ئێران بەردەوام
بە ئامانجی "کڕینی کات" ، "کەمکردنەوەی گوشار" یان "وە دەستخستنی
ئیمتیازە ئابوریی و سیاسییەکان" بەبێ ئەوەی بەرژەوەندییە سەرەکییەکانی ڕژێم
بخاتە مەترسییەوە، ئارەزووی بۆ گفتوگۆ لەگەڵ ئەمریکا هەبووە، گوتی: "ئەمڕۆ مەسەلەی
سەرەکی ئەوەیە کە لە دوای نائارامییە ناوخۆییەکان و زیادبوونی ئامادەیی سەربازیی ئەمریکا
لە کەنداوی فارس، ئایە هێڵە سورەکانی ڕژێمی ئێران گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە یان نا
؟
بە گوتەی ناوبراو، ئێران لە پێناو بەدەستهێنانی
ئیمتیازات، ڕەنگە ئامادە بێت دەستبەرداری یەدەگی یۆرانیۆمی پیتێنراوی خۆی بێت. هەروەها
دەرفەتی ڕێگە چارەیەک بۆ مەسەلەی پیتاندنیش لە رێگای داهێنانەکانی وەک دامەزراندنی
شەریکاتی چەند نەتەوەیی پیتاندن هەیە. لەگەڵ ئەوەدا، لە دیدی ئەو شرۆڤەکارە ئیسڕائیلییەدا،
ڕێگری بنەڕەتیی لەبەردەم گەیشتن بە ڕێکەوتنێکی فراوانتر، " ملنەدانی ڕژێمی ئێرانە
لە سنوردار کردنی بەهێز کردنی توانای سەربازیی ئاسایی و کۆتای هێنان بە پشتیوانیی
لە تۆڕی هێزە بە وەکالەتەکانی ناوچەکەدا".
بەڕێز سیترینۆڤیچ گوتی: تاران هەروەها بەردەوامە
لە ڕەتکردنەوەی هیچ ڕۆڵێکی مانادار لە پشتیوانیکردنی گروپە میلیشیاکان لە سەرانسەری
ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەم بانگەشەیە لە واشنتۆن و لە نێو هاوپەیمانەکانی ئەمریکادا
جێی باوەڕ نیە. بەڵام لە ڕوانگەی ڕێژیمی ئێرانەوە، ئەم هێزە بە وەکالەت و خاوەن
توانا تەقلیدییانە، نیشاندەری لاوازیی نین، بەڵکو بە پایە سەرەکییەکانی ستراتیجی خۆپارێزیی
کۆماری ئیسلامیی دێنە ئەژمار .
ئاماژەی بەوەش کرد: لەسەر ئەو بنەمایە، ئەگەر
واشنتۆن لەسەر ڕێکەوتنێکی گشتگیر پێداگری بکات کە تێیدا سنوردار کردنی ئەتۆمیی بە
سنوردار کردنی موشەکیی، چالاکیەکانی ناوچەیی و پشتیوانی لە هێزە بە وەکالەتەکان پەیوەستی
یەکتر بکات، چ جای بەستنەوەی بە داینامیکی فراوانتری ئاساییکردنەوەی ناوچەیی، ئەگەری
بەدەستهێنانی چارەسەرێکی ڕاستەقینە زۆر کەم دەبێت .
نیگەرانییەکان لە هێرشێکی بەرفراوانی ئەمریکا
بنکەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم)
ڕۆژی دووشەممە دووپاتی کردەوە کە کەشتی فڕۆکە هەڵگری یو ئێس ئێس ئەبراهام لینکن لە
ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جێگیر کراوە. سەرباری ئەو فڕۆکە هەڵگرە و گروپی شەڕی هاوڕێی کە
سێ کەشتی جەنگی لەخۆدەگرێت کە بە مووشەکی کروزی تۆماهۆک تەیارکراون، ئەمریکا زیاتر
لە ١٠ فڕۆکەی جەنگی ئێف ١٥ی بۆ بنکە سەربازییە جیاوازەکانی ناوچەکە ناردووە. هەروەها
بەپێی ڕاپۆرتەکان، چەندین فڕۆکەی جەنگیی و سووتەمەنیی ئەمریکیی لە بنکە سەربازییە
جیاوازەکانی ئەمریکا لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەریای سپی جێگیر کراون .
بەگوێرەی ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز، بە پشتبەستن
بە بەرپرسێکی ئەمریکیی، کەشتیی فڕۆکە هەڵگری ئەبراهام لینکۆڵن و کەشتییە جەنگییەکانی
هاوڕێی لە ماوەی یەک بۆ دوو ڕۆژدا ئامادەی چالاکیی دەبن ئەگەر بەڕێز ترەمپ بڕیاری
هێرشکردن بدات .
بەگوێرەی ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست، بە پشتبەستن
بە بەرپرسێکی ئێستا و بەرپرسێکی پێشووی ئەمریکی، کەرەستەی سەربازیی زیاتریش ڕەوانەی
ناوچەکە دەکرێت. ئەو بەرپرسەی ئێستا گوتی کە لانیکەم هەفتەیەک دەخایەنێت بۆ ئەوەی
هەموو ئەو ئامێرانە بە تەواوی جێگیر بکرێت، بەڵام ئەو کارە چواچێوەیێکی تەواوتر لە
بژاردەکان دەخاتە بەر دەستی بەڕێز ترەمپ .
دەریاوانانی کەشتیی فڕۆکە هەڵگری یو ئێس ئێس
ئەبراهام لینکن (CVN 72) لە ٢٦ی ژانوەری
هاوکات لەگەڵ ڕۆیشتنی ئەو کەشتیە بەناو زەریای هیندیدا، سەرقاڵی ئەنجامدانی
کاروباری چاککردن و سەرپەرشتی ڕۆتینین.گروپی شەڕی کەشتی فڕۆکە هەڵگری ئەبراهام لینکۆڵن
لە ئێستادا بە ئامانجی بەرەوپێشبردنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
جێگیرکراون .
بەرپرسە ئەمریکییەکەی پێشووش گوتی، ڕەنگە پرۆسەی
ڕاوێژ و بڕیاردان زیاتریش بخایەنێت و تا ئێستاش ڕوون نییە کە ئایە لە بنەڕەتدا هێرشێک
ئەنجام دەدرێت یان نا .
بەگوێرەی ئەو ڕاپۆرتە، بەرپرسانی ڕۆژهەڵاتی
ناوەڕاست تادێت نیگەرانن لەوەی ئەمریکا لە ڕۆژانی داهاتوودا هێرش بکاتە سەر ئێران.
بە گوتەی ئەوان ئەم هێرشە دەتوانێت سووڕێک لە هێرشەکانی تۆڵەسەندنەوە بۆ سەر بنکە
سەربازییەکانی ئەمریکا لە سەرانسەری ناوچەکە لەلایەن ئێران و گرووپە بریکارەکانی وەگەڕبخات .
بە پێی ڕاپۆرتی ئیکۆنۆمیست، کاربەدەستانی وڵاتانی
کەنداوی فارس بە شێوەیەکی تایبەت ئەگەری هێرشی بەرفراوانی ئەمریکا بۆ سەر ئێرانیان
بەو ئاستە بەرزە هەڵسەنگاندووە. ئەوان پێیان وایە بەڕێز ترامپ ڕەنگە ڕابەری سیاسی
ئێران بکاتە ئامانج .
عەلی واعز، بەڕێوەبەری بەشی ئێران لە گرووپی
قەیرانی نێودەوڵەتیی سەبارەت بە ئامانجی ئەمریکا لە بەهێزکردنی جێگیرکردنی سەربازیی
لە ناوچەکەدا، سێ سیناریۆی بە ئەگەری زانی و وتی: لە سیناریۆی یەکەمدا ئامانجی سەرەکی
ئەم جێگیر کردنە ڕاگرتنی ئێرانە لە ئەنجامدانی ئەو کارەی کە جێگری سەرۆک کۆمار بە
هەنگاوێکی زۆر گەمژانەی زانی. هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوە و پاراستنی هێزەکانی ئەمریکا و
هاوپەیمانەکانی دەتوانێ ڕێژیمی ئێران لە هەنگاوی یەکەم ڕابگرێت و لە هەمان کاتدا
گوشارەکانی گەمارۆ و دابڕانی دیپلۆماسی زیاتر بکات.
بەڕێز واعز ئاماژەی بە قسەکانی ڕۆژی هەینی جەی
دی ڤانس جێگری سەرۆکی ئەمریکا کرد کە بە ئاماژەدان بە جێگیر کردنی سەربازیی ئەمریکا
لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وتی کە دۆناڵد ترەمپ دەیەوێت دڵنیایی بە دەست بێنێت لەوەی کە
"ئەگەر کۆماری ئیسلامی هەنگاوێکی زۆر گەمژانە ئەنجام بدات، ئەوا سەرچاوەی پێویستی
بۆ وەڵامدانەوە لەبەردەستدا بێت".
بەڕێز واعز سەبارەت بە
سیناریۆی دووەم گوتی: ئەم سیناریۆیە دەتوانێت ببێتە هۆی هێرشێکی سنووردار بۆ سەر
ئامانجێکی بەها بەرز. لە کردەوەکانی پێشووی ئەمریکا دژی ئێران، لەوانە تیرۆرکردنی
قاسم سولەیمانی لە ساڵی ٢٠٢٠ و ئۆپەراسیۆنی چەکوشی نیوەشەو لە ساڵی ٢٠٢٥ ڕێبازی سەرۆکی
ئەمریکا ئەوا بووە .
ئاماژەی بەوەشکرد: لەم چوارچێوەیەدا هێرشی ئەمریکی
بۆ سەر سەروەت و سامانێکی گرنگی ڕژێم یان کەسایەتییەکی سەرەکی پەیامێکی "یەکجار
و تەواو" ی لەگەڵدا دەبێت؛ کۆماری ئیسلامی دەبێ ئەم گورزە وەک نیشانەی هێڵی
سووری ئەمریکا قبوڵ بکات،چونکە هەر وەڵامدانەوەیەک دەتوانێت سەر بکێشێت بۆ کاردانەوەی
توندتر لەلایەن زلهێزێکەوە لەگەڵ زیاتر لە پەرەسەندنی ڕووبەڕووبوونەوەکاندا. پەسەندکردنی
ترەمپ زیاتر "شانۆیی بەڵام کۆنترۆڵکراو" بووە؛ ئێران وەڵامی هەردوو کردەوەی
پێشووی دایەوە، بەڵام بەبێ ئەوەی ڕووبەڕووبوونەوەکان بچێتە شەڕێکی فراوانترەوە .
عەلی واعز سەبارەت بە سیناریۆی سێیەم گوتی:
لەم سیناریۆیەدا، ئەمریکا ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوان لەدژی پێکهاتەیەک لە سەرکردە و
سەروەت و سامان و ژێرخانە ستراتیژییەکانی ئێران لە ناویاندا توانای موشەکیی، دەستپێدەکات؛
شتێکی نزیک لە هەڵمەتێکی "شۆک و سەرسام" بە ئامانجی پەکخستنی ڕژێم لە ڕووی
سیاسیی و سەربازییەوە. بەڵام ئەو بژاردەیە لەگەڵ مەترسی زیاتر کاردانەوەی تۆڵە سەندنەوەی
ئێرانی بەو دەسەڵاتە کەمەی کە بۆی ماوە لەگەڵدا دەبێت .
نیگەرانییەکان سەبارەت بە هێرشەکانی تۆڵەسەندنەوەی
ڕێژیمی ئێران لە کاتێکدایە کە سەرباری هۆشدارییەکانی بەرپرسانی ئێران لەسەر بنەمای
ئەوەی کە هەر هێرشێک لە لایەن ئەمریکاوە بە "شەڕی سەرتاسەری" دەزانن و وەڵامی
دەدەنەوە، چەندین گرووپی میلیشیای سەر بە ئێران لەوانە کەتائیبی حیزبوڵڵای عێراق،
حوسییەکانی یەمەن و حیزبوڵڵای لوبنانیش، لە هەر جۆرە هێرشێکی ئەمریکا بۆ سەر کۆماری
ئیسلامی ئێران هۆشدارییان داوە .
نەعیم قاسم، سکرتێری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنان
ڕۆژی دووشەممە لە وتەێکدا بە ئاماژە بە ئەگەری هێرشی سەربازیی ئەمریکا بۆ سەر ئێران
وتی: لە بەرامبەر هەر دەستدرێژییەک بۆ سەر ئێران بێلایەن نابین.
ناوبراو جەختی کرد کە کاتێک ئەمریکا هەڕەشە
لە عەلی خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی دەکات، لە ڕاستیدا هەڕەشە لە دەیان میلیۆن
شوێنکەوتووی ئەو دەکات و "دەبێت ئێمە بە هەموو هێز و ئامادەیی خۆمانەوە ڕووبەڕووی
ئەم هەڕەشەیە ببینەوە".
بەڕێز قاسم بە ئاماژەدان بەوەی کە شەڕ لە دژی
ئێران ڕەنگە ئاگر لە تەواوی ناوچەکە هەڵبگیرسێنێت، هەروەها گوتی: ئێمە سەرنجمان لەسەر
ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم هەڕەشەیە و بە هەڕەشە بۆ سەر خۆمانی دەزانین و توانای تەواومان
هەیە بۆ ئەوەی هەرچییەک لە بەرانبەریدا بە شیاوی بزانین ئەنجامی بدەین .
بەڕێز سیترینۆڤیچ وتی: مەترسی پەرەسەندنی ڕووبەڕووبوونەوەکان
لەسەر ئاستی ناوچەکە زۆر زۆرە. بۆیە پێویستە ستراتیژەکە پێش ئەوەی تەنانەت یەکەم فڕۆکەی
بفڕێت، بە ڕوونی پێناسە بکرێت .
بەپێی ڕاپۆرتی مەعاریۆ، بەپێی هەڵسەنگاندنی
سوپا و دەزگا ئەمنییەکانی ئیسرائیل، ئەمریکا تەنیا ماوەیەکی کەم پێش دەستپێکردنی هێرش
بۆ سەر ئێران، سوپای ئیسرائیل ئاگادار دەکاتەوە .
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، سەرەڕای ئەم هۆشدارییە
سەرەتاییە، خەڵکی ئیسرائیل دەستیان بەو زانیارییانە ناگات، چونکە هیچ کەسێک لە دەزگای
ئەمنییدا نایەوێت زانیاری دزەپێبکات و سەرکەوتنی ئۆپەراسیۆنی هێرشبەری ئەمریکا
بخاتە مەترسییەوە .
بە سەرنجدان بەوەی کە ئیسرائیل یەکێک دەبێت
لە ئامانجی ئەگەری هێرشە تۆڵەسەندنەوەکانی ئێران، بە پێی ئەو ڕاپۆرتە، ئامادەکاریی
و هۆشدارییە گشتییەکان هاوکات لەگەڵ شەپۆلی یەکەمی هێرشەکان لە ئێران ئەنجام دەدرێت
.
