شارپرێس:
رۆژنامەی "نیویۆرک تایمز"کە پشتی
بە سەرچاوە تایبەتەکان بەستووە، ئاشکرایکردووە کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا لیستێکی فراوان لە بژاردە سەربازییەکان
خراوەتە بەردەم دۆناڵد ترەمپ بۆ لێدانی ئێران، ئەم پلانانە ئامانجیان تێکدانی دامەزراوە
ئەتۆمی و موشەکییەکان یان لاوازکردنی پێگەی عەلی خامنەیی ڕێبەری باڵای ئێرانە.
رۆژنامەکە باسی لەوەکردووە، بژاردە نوێیەکان
لەو پێشنیارانە جیاوازن کە پێش 2 هەفتە باسیان لێوە دەکرا و ئێستا ئەگەری ئەنجامدانی
"ئۆپەراسیۆنی تایبەت" لەناو خاکی ئێراندا لە ئارادایە.
ئەوەش هاتووە: ترەمپ داوا لە تاران دەکات هەنگاوی
زیاتر بنێت بۆ ڕاگرتنی پڕۆژە ئەتۆمییەکەی، کۆتاییهێنان بە پشتگیریکردنی گروپە چەکدارەکانی
وەک حەماس و حیزبوڵا و حوسییەکان، هەروەها سنووردارکردنی بەرنامە موشەکییەکەی.
کۆشکی
سپی ئاماژەی بەوە کردووە کە هێشتا بڕیاری کۆتایی نەدراوە و هەڕەشەی سەربازی وەک
فشارێک بۆ پەلکێشکردنی ئێران بۆ سەر مێزی گفتوگۆ بەکاردێت.
دەشڵێت: یەکێک لە مەترسیدارترین بژاردەکان
ناردنی نهێنی هێزی کۆماندۆیە بۆ لەناوبردنی ئەو بەشانەی پڕۆژە ئەتۆمییەکە کە لە هێرشەکانی
مانگی حوزەیرانی ڕابردوودا زیانیان بەرنەکەوتووە. بژاردەیەکی دیکە وەشانی زنجیرەیەک
گورزی سەربازییە بۆ دروستکردنی پشێوی بە مەبەستی لادانی خامنەیی تەمەن 86 ساڵ، هەرچەندە
ڕوون نییە کێ شوێنی دەگرێتەوە.
تا ئێستا لەناو بازنەی نزیکی ترەمپدا ڕێککەوتنی
کۆتایی لەسەر ئامانجی سەرەکی هەر کارێکی سەربازیی نەکراوە.