شارپرێس:
حكومه‌تى سوریا
له‌ڕێگه‌ى وه‌زیرى ڕاگه‌یاندنه‌كه‌یه‌وه، به‌فه‌رمى ڕێكه‌وتنى له‌گه‌ڵ هێزه‌كانى
سوریاى دیموكرات (هه‌سه‌ده) ڕاگه‌یاندو واده‌ى جێبه‌جێكردنى ڕێكه‌وتنه‌كه‌شى
ئاشكراكرد، ده‌شڵێت، "به‌گوێره‌ى ڕێكه‌وتنه‌كه، ئاگربەست دێته كایه‌وه‌و یەکگرتنه‌وه‌ى
سه‌رجه‌م هێزه‌كان ڕوده‌دات".
حەمزە مستەفا وەزیری
ڕاگەیاندنی سوریا له‌كۆنگره‌یه‌كى ڕۆژنامه‌وانیدا، ڕێککەوتنى نوێى حكومه‌تى دیمه‌شقى
لەگەڵ هێزه‌كانى سوریاى دیموكرات (هه‌سه‌ده) ئاشكراكرد‌و ڕایگه‌یاند، "ئه‌وه‌ى
ڕێكه‌وتنى له‌باره‌وه كراوه‌و ئاگربه‌ستى هێناوه‌ته كایه‌وه، ڕێكه‌وتنى 18ى ئه‌م
مانگه‌یه‌و ڕۆژى دوشه‌ممه‌ى داهاتوو واته 2ى شوبات به‌ته‌واوى ده‌چێته بوارى جێبه‌جێكردنه‌وه".
ئه‌وه‌شى وت،
"ڕێککەوتنەكه‌مان له‌گه‌ڵ هه‌سه‌ده له‌ئێستادا ئاگربه‌ستێكى سه‌رتاسه‌رى لێكه‌وتوه‌ته‌وه‌و
دواتریش به‌گوێره‌ى پلان‌و ئه‌و به‌رنامانه‌ى له‌ڕێكه‌وتنه‌كه‌دا هاتوه، یه‌كگرتنى
سه‌رجه‌م هێزه‌كان له‌سه‌رتاسه‌رى وڵات‌دا ده‌ستپێده‌كات".
به‌وته‌ى حه‌مزه
مستەفا، "بڕیاروایه لەماوەی 10 ڕۆژدا کێڵگە نەوتییەکانی ڕمێلان‌و سویدییە‌و
فڕۆکەخانەی قامیشلۆ، لەناوچەکە به‌فه‌رمى له‌ڕوى ئیدارییه‌وه بخرێنه سه‌ر حكومه‌تى
دیمه‌شق‌و هه‌ر ڕۆژى دوشه‌ممه‌ش، بەڕێوەبەری ئاسایشی تازە دەستنیشانکراوی حەسەکە،
دەست بەئەرکەکانی دەکات".
سه‌باره‌ت به‌یه‌كگرتنى
هێزه‌كانیش، وه‌زیرى ڕاگه‌یاندنى حكومه‌ته‌كه‌ى شه‌رع وتى، "سه‌رجه‌م ئەندامانی
هەسەدە، تاک بەتاک دەخرێنە ناو لیوا سەربازییەکانی سەر بەوەزارەتی بەرگریی سوریاوه‌و
سه‌ره‌نجامیش ڕێكه‌وتنه‌كه ده‌چێته بوارى جێبه‌جێكردنه‌وه‌و هیچ پێكدادانێك ڕوو
نادات".
