هۆکارەکانى پشتکردنە هێزەکانی سوریای دیموکرات لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە

توێژینەوە و شیکاریی

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 513 جار خوێندراوه‌ته‌وه

بەختیار ئەحمەد ساڵح
پوختەی
ئەم نوسینە ئامانجی شیکردنەوەی هەڵوێستی ئەمریکا و ئیسرائیلە بەرامبەر بە هێزەکانی سوریای دیموکرات لە چوارچێوەی ململانێکانی سوریادا، بەتایبەت لە پەیوەندی لەگەڵ ستراتیژی کۆنتڕۆڵکردنی هەژمونى ئێران و ڕێگریکردن لە دووبارە دامەزراندنەوەی ڕێڕەوێکی وشکانی بۆ میحوەری موقاوەمە. ئەم نوسینە لەسەر ئەو بنەمایە دامەزراوە کە پاڵپشتیی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ هێزەکانى سوریاى دیموکرات (هەسەدە) کاتی بووە و پەیوەست بووە بە ئامانجە ستراتیژییە تایبەتەکانەوە و پابەندبوونێکی سیاسی درێژخایەن نەبووە بە پڕۆژەی کورد لە سووریا. نوسینەکە بەو ئەنجامە دەگات کە نەمانى ئەم پشتیوانییە نوێنەرایەتی گۆڕانکارییەکی لەناکاو ناکات، بەڵکو دەرئەنجامێکی لۆژیکیی کاڵبوونەوەى ئەو ئەرکە ستراتیژییەبووە کە هەسەدە لە قۆناغێکی دیاریکراوی ململانێکاندا ئەنجامی داوە.
 پێشەکی
لە سەرەتای سەرهەڵدانی قەیرانی سوریا لە ساڵی ٢٠١١، ئەو وڵاتە بووەتە گۆڕەپانێکی سەرەکى بۆ یەکلاکردنەوەی ململانێ ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان. لەم چوارچێوەیەدا، هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) وەک کارەکتەرێکی سەرەکی سەربازی-سیاسی لە ڕۆژهەڵات و باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا دەرکەوت، کە بە پلەی یەکەم لەلایەن ئەمریکا و دواتر بە بێ دەنگى لە لایەن ئیسرائیلەوە پشتیوانی لێکرا. بەڵام ئەم پشتیوانییە لە ناڕوونیدا مایەوە، بە تایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی نەبوونی هیچ پابەندبوونێکی ئاشکرا بە پڕۆژەیەکی سیاسی درێژخایەنی کوردەوە.
لێرەدا دەکرێت بپرسین کە ئایا پشتیوانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ هێزەکانی سوریای دیموکرات بەشێک بوو لە ستراتیژی بەرەنگاربوونەوەی ئێران، یان ڕەنگدانەوەی پابەندبوونێکی ڕاستەقینە بوو بۆ پشتیوانیکردن لە کورد لە سوریا؟
یەکەم: چوارچێوەی تیۆری – هاوپەیمانی تاکتیکی لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان
سیاسەتی دەرەوەی زلهێزەکان بەتایبەتی ئەمریکا لەسەر لۆژیکی ڕیالیزمی سیاسی دامەزراون کە هاوپەیمانییەکان لەسەر بەرژەوەندییەکان بنیات دەنرێن نەک بەهاکان. لەم چوارچێوەیەدا، پرۆکسییە ناوخۆییەکان وەک ئامرازێک بۆ جێبەجێکردنی ئامانجە ستراتیژییەکان بەبێ بەشداریکردنی ڕاستەوخۆ و درێژخایەن بەکاردەهێنرێن.
لەم ڕوانگەیەوە، هەسەدە  بەدەر نییە لەو حاڵەتە، بەڵکو نموونەیەکی تایبەتی هاوپەیمانییەکی کاتی و کارایە، هاوشێوەی ئەزموونەکانی پێشووی ئەفغانستان و عێراق، کە هێزە ناوخۆییەکان پشتگیری دەکرێن بە مەرجێک خزمەت بە ئامانجێکی ستراتیژی دیاریکراوى زلهێزەکان بکەن.

دووەم: گرنگی جیۆپۆلەتیکی ناوچە کۆنتڕۆڵکراوەکانی هەسەدە
هەسەدە لە شەڕى ڕێکخراوى دەوڵەتى ئیسلامى ناسراو بە داعش، بە هاوکارى ئەمریکا، ناوچەیەکی جوگرافی زۆر هەستیارى کۆنتڕۆڵ کرد کە بریتیی بوو لە ڕۆژهەڵاتی ڕووباری فورات، بەشى هەرە زۆرى پارێزگای دێرەزۆر و ناوچەکانی نزیک سنووری نێوان سوریا و عێراق.
ئەم ناوچانە پێشتر ڕێڕەوێکی وشکانی زۆر گرنگیان بۆ ئێراندا پێکدەهێنا کە تاران بە دەریای ناوەڕاستەوە لە ڕێگەی عێراق، سوریا و لوبنانەوە دەبەستەوە. بۆیە کۆنتڕۆڵکردنیان لەلایەن هێزێکەوە کە هاوپەیمانی ئێران نییە، و بە پشتیوانی ڕاستەوخۆی ئەمریکایە، بەربەستێکی جیۆپۆلەتیکی کاریگەری لەدژی پرۆژەی هیلالی شیعە پێکدەهێنا.
سێیەم: ڕەهەندی ئێرانی لە لێکدانەوەى واشنتۆن و تەلئەبیب
ئەمریکا، هەسەدەی وەک ئامرازێکی گونجاو بۆ گەیشتن بە چەندین ئامانج لە یەک کاتدا دەبینی لەوانە:
‌أ.لەناوبردنی داعش بەبێ بڵاوەپێکردنی هێزی زەمینی گەورە.
‌ب.ڕێگریکردن لە کۆنتڕۆڵکردنەوەی تەواوی ڕۆژهەڵات لەلایەن ڕژێمی سوریاوە.
‌ج.بڕینی هێڵەکانی دابینکردنی پشتیوانى سەربازى ئێران بۆ میحوەرى موقاوەمە.
ئیسرائیل: سەرەڕای نەبوونی ڕۆڵێکی ئاشکرای ئیسرائیل لە ڕۆژهەڵاتی فورات، تەلئەبیب بە ئەرێنی سەیری هەر ڕێکخستنێکى دەکرد کە بوونی ئێران لە سوریا لاواز بکات. لەم ڕوانگەیەوە بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل هاوتەریب بوون لەگەڵ ستراتیژی ئەمەریکا بۆ پشتیوانیکردن لە هێزەکانی سوریای دیموکرات وەک هێزێکی پارێزەر لە نێوان ئێران و بەرزاییەکانی جۆلانی داگیرکراودا.
چوارەم: هیوابەخشین بە کورد وەک ئامرازێکی سیاسی
نە ئەمریکا و نە ئیسرائیل بەڵێنێکی فەرمییان نەدا بە پشتیوانی لە قەوارەیەکی سەربەخۆی کوردی لە سوریا. بەڵام سروشتی پەیوەندی سەربازی و ماوەی درێژخایەن و لێدوانە سیاسییەکان به شداربوو له دروست کردنی تێڕوانینێک له نێو سەرکردەکانی کورددا که ئەم پشتیوانییه دەتوانێت پەرەبسێنێت بۆ شەراکەتی سیاسی درێژخایەن. ئەم هیوا بەخشینە دەتوانرێت وەک ئامرازێکی ناڕاستەوخۆ لێکبدرێتەوە بۆ ڕێگریکردن لە نزیک بوونەوە و پێکهاتنى هەسەدە لەگەڵ سوریاى سەردەمى ئەسەد بەر لە ڕووخانى و کردنەوەی کەناڵی ستراتیجی لەگەڵ ئێران یان ڕووسیا. بەم شێوەیە بەخشینى ئەم هیوایە لە خۆیدا خزمەتێکی بە ئەرکێکی سیاسی دەکرد کە بریتی بوو لە دابڕاندنى کورد لە میحوەرى موقاوەمە و ڕوسیا.
پێنجەم: نەمانى پشتیوانی لە هەسەدە، هۆکار و پاڵنەرەکان
نەمانى ئەرکی ستراتیژی: لەگەڵ نەمانى مەترسییەکانی داعش و فشارە سەربازی و ئابوورییە بەرچاوەکان لەسەر میحوەری بەرەى موقاوەمە و لاوازکردنى، ئیتر هەسەدە هەمان ئەو گرنگییە ستراتیژییەی کە لە نێوان ساڵانی 2015 بۆ 2019دا هەیبوو، لە دەستیدا بە تایبەت دواى بەڵێنەکانى ئەحمەد شەرع بە پەیوەست بوون بە بەرەى شەڕى داعشەوە.
گۆڕینی ئەولەویەتەکانی ئەمریکا: ئەمریکا لە سەردەکى ئۆباماوە خواستى کەم کردنەوەى بوونى سەربازیی ئەمریکا بووە لە ڕۆژهەڵاى ناوەڕاست، ئەم خواستە بە هاتنى ترەمپ زیاتر بوو و ئامانجى سەرەکى ئەم خواستەش بۆ ڕووبەڕووبوونەوەى هەژمونى چین و بەڕێوەبردنی ململانێکان لەگەڵ ڕوسیا دەگەڕێتەوە.
فاکتەری تورکی: بە لەبەرچاوگرتنی پێگەی تورکیا لە ناتۆ و نفوزی ناوچەیی، ئەو وڵاتە لە لێکدانەوەکانى ئەمریکادا بووەتە ئەولەویەتێکی باڵاتر لە هێزەکانی هەسەدە، بەتایبەتی لەگەڵ پەرەسەندنی گرژییە نێودەوڵەتییەکان.
ئەنجام
پشتیوانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ هێزەکانی سوریای دیموکرات بەشێک بوو لە ستراتیژێک بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئێران و ڕێگریکردن لە دووبارە دامەزراندنەوەی کۆریدۆرێکی وشکانی بۆ میحوەری موقاوەمە، نەک دەربڕینی پابەندبوونی سیاسی درێژخایەن بە پڕۆژەی کورد لە سوریا،  هەر بۆیە نابێت نەمانى ئەم پشتیوانییە وەک خیانەت لێکبدرێتەوە، بەڵکو پێویستە وەک دەرئەنجامێکی سروشتی لۆژیکی گۆڕینی هاوپەیمانییەکان لەناو سیستەمی نێودەوڵەتیدا سەیر بکرێت.

بەپەلە