شارپرێس:
لەگەڵ دەستپێکی مانگی ڕەمەزان، جەستە دەچێتە قۆناغێکی نائاسایی لەبەڕۆژوبونو دورکەوتنەوە لەخواردنو خواردنەوە بۆ ماوەیەکی درێژ.
تێگەیشتن لەقۆناغەکانی ڕۆژو یارمەتی ڕۆژوەوان دەدات بەشێوازێکی زانستی ڕوبەڕوی ماندوێتیو بێهێزی ببێتەوە، وەک ئەوەی ڕازین مەعروف پسپۆڕی بێهۆشکارییو چاودێریی چڕ لەنەخۆشخانەی ئەدینبرۆک لەکامبریدج جەختی لێدەکاتەوە.
ئەو دەڵێت، "سەختییەکان لەدوو ڕۆژی یەکەمدا دەستپێدەکەن، چونکە جەستە هێشتا دەستینەکردوە بەبەکارهێنانی ئەو گلوکۆزەی لەجگەرو ماسولکەکاندا کۆکراوەتەوە، دابەزینی ئاستی شەکر دەبێتە هۆی بێهێزی، سەرئێشەو دڵتێکچون".
باس لهوهشدهكات، "دوای نەمانی گلوکۆز، جەستە دەستدەکات بەسوتاندنی چەوری، ئەمەش یارمەتیدەرە بۆ کەمکردنەوەی کێشو کۆلیسترۆڵو پاراستن لەشەکرە".
ئهوهشى وتوه، "کاتێکیش جەستە ڕادێت، چەورییەکان دەگۆڕێن بۆ شەکری خوێن بۆ دابینکردنی وزە، لێرەدا خواردنەوەی ئاو لەکاتی بەربانگو پارشێودا دەبێتە پێویستی، لەگەڵ خواردنی کاربۆهیدراتی تەندروستو پڕۆتین بۆ پاراستنی هاوسەنگیو ڕێگریکردن لەوشکبونەوە".
لەناوەڕاستی مانگدا، باری دەرونیو وزەی ڕۆژوەوان باشتر دەبێت، چونکە ڕۆژوو ڕێگە بەجەستە دەدات سەرنج بخاتەسەر چاککردنەوەی خانەکانو دژایەتیکردنی هەوکردن.
مەعروف ئهوهشى باسكردوه، "لەم قۆناغەدا بیرەوەرییو تەرکیز بەهێزدەبنو جەستە پارێزگاری لەماسولکەکان دەکاتو تەنها چەوری وەک سوتەمەنی بەکاردێنێت".
شارەزایان دەڵێن، "ڕۆژوو سودی زۆری هەیە ئەگەر بەهاوسەنگی ئاو بخورێتەوەو ژەمەکان تەندروست بنو خەو ڕێکبخرێت، چونکە ئەم هاوسەنگییە کلیلی بەدەستهێنانی سودەکانی ڕەمەزانە بێئەوەی جەستە توشی ماندوێتییەکی زۆربێت".
ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی
