پزیشكیان‌و ئه‌ژه‌یى دژى یه‌كتر ده‌وه‌ستنه‌وه‌

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1893 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لێدوانی دژبەیەک‌و جیاوازیی قووڵ لەنێوان باڵە باڵاکانی کۆماری ئیسلامی ئێران سەبارەت بەچارەنوسی هێرشەكان بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە سەریهەڵداوە، دوێنێ مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆمار، هەوڵی هێورکردنەوەی دۆخەکەى دا، به‌ڵام غوڵام حوسێن موحسنی ئەژەیی سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری، سوربونى خۆیانى لەسەر بەردەوامیی لێدانەکان ڕاگه‌یاند.

 

پزیشکیان: لاپەڕەیەکی نوێ لەگەڵ دراوسێکان هه‌ڵده‌ده‌ینه‌وه‌
ئێواره‌ى دوێنێ، مەسعود پزیشکیان لەپەیامێکی چاوەڕواننەکراودا داوای لێبوردنی لەوڵاتانی دراوسێ کرد بۆ ئەو هێرشانەی لەچەند ڕۆژی ڕابردودا کراونەتە سەر خاکەکەیان، پزیشکیان وتى، "ئەنجومەنی کاتیی ڕێبەری، بڕیاری ڕاگرتنی هێرشەکانیداوە بۆ سەر ئەو وڵاتانەی کە نابنە سەرچاوەی هێرش بۆسەر ئێران، ئەم هەنگاوەش وەک هەوڵێکه‌ بۆ ڕێگریی لەگۆشەگیرکردنی زیاتری ئێران‌و پاراستنی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان لەکاتی جەنگدا".

ئەژەیی: جەنگ بەردەوامەو دوژمن دەکرێتە ئامانج
تەنها چەند کاتژمێرێک دوای پەیامەکەی سەرۆک کۆمار غوڵام حوسێن موحسنی ئەژەیی سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی‌و ئەندامی ئەنجومەنی کاتیی ڕێبەری، هەڵوێستێکی توندتری نیشاندا.

ئەژەیی جەختیکردەوە، ئەو شوێنانەی لەوڵاتانی ناوچەکەدا لەژێر کۆنترۆڵی دوژمندان، هێرشەکانیان بۆ سەر بەردەوامدەبێت.

ئەژەیی وتى، "هەر لایەنێک یان وڵاتێک خاکی خۆی بداتە ئەمریکاو ئیسرائیل بۆ لێدانی ئێران، وەک دوژمن مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت".

ئەم لێدوانە به‌بڕواى چاودێران، بەتەواوی پێچەوانەی هەوڵەکانی پزیشکیانە بۆ ئاشتبونەوە لەگەڵ دراوسێکان.

ناوچەکە لەنێوان ئاگرو دیپلۆماسیدا
ئەم ناکۆکییە ناوخۆییەی تاران لەکاتێکدایە کە هێرشە موشەکی‌و درۆنییەکانی ئێران لەدوای 28ی شوباتەوە، دامەزراوە نەوتی‌و سەربازییەکانی لەئیمارات، سعودیە، بەحرەین، کوه‌یت‌و قەتەری کردوەتە ئامانج، تاران ئەو هێرشانە وەک وەڵامێک بۆ کوژرانی عەلی خامنەیی‌و سەرکردە باڵاکانی دیکە دەبینێت.

کێ بڕیاردەرە؟
چاودێرانی سیاسی پێیانوایە، ئەم دژبەیەک وەستانەوەیە نیشانەی تێکچونی یەکدەستیی بڕیارە لەتاران دوای کوژرانی خامنەیی، لەکاتێکدا باڵی حکومەت دەیەوێت جەنگەکە سنوردار بکات، به‌ڵام باڵی توندڕەوو دامەزراوەکانی ژێر دەسەڵاتی ڕێبەری (وەک دەسەڵاتی دادوەریی‌و سوپای پاسداران) فشار بۆ بەردەوامیی ستراتیژیی سوتاندنی ناوچەکە دەدەن.

ئەم دوو فاقییە لەبڕیاردا، وڵاتانی ناوچەکەو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی خستوەتە بەردەم پرسیارێکی گەورە، ئایا پزیشکیان دەسەڵاتی جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی هەیە، یان فەرمانی جەنگ لەدەستی کەسانی دیکەدایە؟.