شارپرێس:
لەهەنگاوێکدا کە
وەک بانگەوازێک بۆ گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لێکدەدرێتەوە، بنیامین
ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، ڕاستەوخۆ ڕوی دەمی کردە گەلی ئێرانو ڕایگەیاند،
"چرکەساتی چارەنوسساز نزیکبوەتەوە".
ناتانیاهۆ لەپەیامەکەیدا
جەختیکردەوە، "ئامانجی ئیسرائیل پارچەپارچەکردنی خاکی ئێران نییە، بەڵکو پشتیوانیکردنە
لەڕزگارکردنی ئەو وڵاتە، ئێمە نامانەوێت ئێران دابەشبکەین، بهڵكو دەمانەوێت ئێران
ئازادبکەین".
چاودێرانى سیاسیى پێیانوایه، ئەم دەستەواژەیە وەک دڵنیاییەک بۆ نەتەوەکانی
ناو ئێران لێکدەدرێتەوە کە ئیسرائیل پاڵپشتی لەیەکپارچەیی خاکێکی دیموکراتو ئازاد
دەکات.
یەکێک لەکاریگەرترین
بەشەکانی پەیامەکە، ئاماژەدان بوو بەئاڵای مێژویی "شێرو خۆر"ی ئێران،
ناتانیاهۆ وێنای دواڕۆژێکی کرد کە تێیدا ئاڵای ئیسرائیلو ئاڵای شێرو خۆر لەپاڵ یەکتر
لەجیهاندا بشەکێنەوە، ئەمەش گەڕانەوەیە بۆ سەردەمی زێڕینی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو
وڵات پێش ساڵی 1979، کە تێیدا دۆستایەتییەکی قووڵ لەنێوانیاندا هەبوو.
سەرۆک وەزیرانی
ئیسرائیل بەڕاشکاوی وتى، "کلیلی گۆڕانکاریی لەدەستی گەلە ئازاو چەوساوەکانی ئێراندایە،
لەو چرکەساتەدا، ئەرکەکە لای ئێوەیە، هیوادارم ئەم پەیامە هاندەرێک بێت بۆ ئەوەی خەڵکی
ئێران خۆیان کۆنترۆڵی چارەنوسی خۆیان بگرنە دەستو کۆتایی بەو دۆخە بهێنن کە دەیان
ساڵە بەسەریاندا سەپێنراوە".
پەیامەكهى
ناتانیاهۆ لەکاتێکی هەستیاردا دێتو وەک نەخشەڕێگەیەک بۆ ئێرانی دوای کۆماری ئیسلامی
لێكدانهوهى بۆ دهكرێت، وهكو دهوترێت، پەیامەکە تەنها هەڕەشەی سەربازی نییە بۆ
سەر ڕژێم، بەڵکو دەستپێشخەرییەکی دیپلۆماسیو مرۆییە بۆ دروستکردنی هاوپەیمانی لەگەڵ
گەلانی ناو ئێران بۆ گەیشتن بەئاشتییەکی بەردەوام.
