شارپرێس:
شەوێکی پڕ لەئاڵۆزییو دەنگی تەقینەوە تارانیان نوسیهوه، لەکاتێکدا ئاسمانی پایتەختی ئێران بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانەوە سوربوو، سهرچاوهكان وتیان، عەباس عەلی محەمەدیان بوەتە سەردێڕی گەرمی میدیاکانو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بههۆى كوژرانى لهلایهن فڕۆكه ئیسرائیلىو ئهمریكیهكانهوه.
بهگوێرهى سەرچاوە خۆجێییەکان، شەوی ڕابردوو زنجیرەیەک بۆردومانی چڕ کە لەلایەن ئەمریکاو ئیسرائیلەوە ئەنجامدران، بنکە سەربازییو ئەمنییەکانی تارانیان کرده ئامانج، یەکێک لەو شوێنانەی زۆرترین زیانی بەرکەوتوە، باڵەخانەی پۆلیسی شارى تارانه، لهناوچهى (عەباس ئاباد)، هەر زوو دوای هێرشەکە، دەنگۆی کوژرانی عەباس عەلی محەمەدیان فەرماندەی پۆلیسی تاران، وەک بڵێسەی ئاگر بەناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبوەوە.
تائێستا حکومەتی ئێرانو میدیا فەرمییەکانی کۆماری ئیسلامی بێدەنگییان هەڵبژاردوەو هیچ لێدوانێک بۆ پشتڕاستکردنەوە یان ڕەتکردنەوەی هەواڵەکە دەرنەچوە، ئەمەش گومانی زیاتری لای چاودێران دروستکردوە.
محەمەدیان کە ساڵانێکە لەلیستی سزاکانی ئەمریکاو ئەوروپادایە، یەکێکە لەکەسایەتییە ئەمنییە بەهێزەکانی تارانو نەمانی لەمکاتەدا دەبێتە گورزێکی گەورە بۆ دامەزراوە ئەمنییەکان.
هەندێک لەسەرچاوە نافەرمییەکان باس لەوەدەکەن، محەمەدیان لەکاتی هێرشەکەدا لەناو باڵەخانەکەدا بوە، بەڵام هەندێکی دیكه پێیانوایە، ئەمە جەنگێکی دەرونییەو بۆ تێکدانی ورەی هێزە ئەمنییەکان بڵاوکراوەتەوە.
تاران ئێستا لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەختدایە؛ ئایا بێدەنگیی تاران نیشانەی شۆکە یان ئامادەکارییە بۆ وەڵامدانەوەیەکی توند؟ کاتەکان تێدەپەڕنو چاوەکان هەمویان لەسەر شاشەی تەلەفزیۆنە فەرمییەکانن بۆ بیستنی یەکەمین ڕاگەیەندراو.
