شارپرێس:
کوڕی مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران ڕایگەیاند، موجتەبا خامنەیی ڕێبەری نوێی وڵات، لەبارودۆخێکی تەندروستی باشدایە سەرەڕای ئەوەی لەکاتی شەڕدا برینداربوە.
ئەو لێدوانە دوای بڵاوبونەوەی دەنگۆی برینداربونی ناوبراو دێت لەئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکاو ئیسرائیل کە بونە هۆی کوژرانی عەلی خامنەیی باوکی.
ئاژانسی ڕۆیتەرز ئاماژەی بەوەکردوە، بێژەرێکی تەلەفزیۆنی دەوڵەتی ئێرانیش ئەو دەنگۆیانەی پشتڕاستکردوهتەوەو نازناوی جانبازی بۆ ڕێبەرە نوێیەکە بەکارهێناوە، کە ئاماژەیە بۆ برینداربونی لەو ململانێیەی ئێران بەشەڕی ڕەمەزان ناوی دەبات.
موجتەبا خامنەیی تەمەن 56 ساڵ، لەوکاتەوەی وەک ڕێبەر دەستنیشانکراوە، لەهیچ مەراسیمێکی گشتیی یان گرتەیەکی ڤیدیۆییدا دەرنەکەوتوە.
ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز لەزاری بەرپرسانی ئێرانیو ئیسرائیلییەوە بڵاویکردوهتەوە کە ناوبراو لەهێرشەکانی 28ی شوباتدا لەهەردوو قاچیدا برینداربوە.
دەستنیشانکردنی موجتەبا وەک جێگرەوەی باوکی، نیشانەی مانەوەی دەسەڵاتە لەدەستی توندڕەوەکانداو ئەگەری کۆتاییهاتنی خێرای شەڕ لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کەمدەکاتەوە.