بۆڕێگریی لەڕودانی قەیرانی وزە لەجیهاندا.. ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە دەیەوێت دەست بۆ نەوتی یەدەگ بەرێت

جیهان

6 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 141 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی ئاشکرای کردووە کە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە پێشنیاری گەورەترین پڕۆسەی دەرهێنانی نەوتی لە یەدەگەکانی مێژووی خۆیدا کردووە، ئەمەش بە مەبەستی دابەزاندنی نرخی نەوتی خاو کە بەهۆی شەڕی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبۆتەوە.

 
سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە ئەم بڕە لەو 182 ملیۆن بەرمیلە زیاتر دەبێت کە لە ساڵی 2022دا پاش هێرشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا خرایە بازاڕەوە.

ئەم پێشنیارە لە کۆبوونەوەیەکی نائاسایی 32 وڵاتی ئەندامی ئاژانسەکە خراوەتە ڕوو و بڕیارە ئەمرۆ چوارشەممە پەسەند بکرێت ئەگەر هیچ وڵاتێک دژایەتیی نەکات.

ئامانجی سەرەکیی ئەم هەنگاوە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو پەککەوتنە گەورەیەیە کە بەهۆی داخستنی نزیکەی تەواوەتی گەرووی هورمزەوە دروست بووە، کە پێنجیەکی نەوتی جیهانی پێدا تێدەپەڕێت و ئێستا بەهۆی هەڕەشەکانی ئێرانەوە گواستنەوەی نەوت تێیدا وەستاوە.