پاكیجێكی سزای نوێ ئاڕاستەی ئێران كرا.. 19 بەرپرس و دامەزراوە دەگرێتەوە

جیهان

5 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 256 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
یەکێتیی ئەوروپا پاکێجێکی نوێی سزای بەسەر ئێراندا پەسەند کرد، كە ئەم سزایانە 19 بەرپرس و دامەزراوەی ئەو وڵاتە دەگرێتەوە بەهۆی پێشێلکاریی مافەکانی مرۆڤ و سەرکوتکاریی ناوخۆییەوە.


کایا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا لەپۆستێکدا لەتۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ڕایگەیاند،"یەکێتیى ئەوروپا بەردەوامە لەلێپرسینەوە لەئێران".

کایا کالاس ئاشکرایکرد، ئەمڕۆ چوارشەممە، 11ـی ئاداری 2026، باڵیۆزانی وڵاتانی ئەندامی یەکێتیی ئەوروپا سزای نوێیان بەسەر ئێراندا پەسەند کردوە. سزاکان ئەو بەرپرس و لایەنانە دەگرنەوە هۆکاری پێشێلکارییە قورسەکانی مافی مرۆڤن لەو وڵاتەدا.

بەرپرسە باڵاکەی ئەوروپا جەختی لەوەش کردەوە، "هاوکات لەگەڵ بەردەوامیی جەنگی ئێران، یەکێتیی ئەوروپا پارێزگاری لەبەرژەوەندییەکانی دەکات و بەدواداچوون بۆ ئەو کەسانەش دەکات بەرپرسیاری سەرەکیی سەرکوتکارییە ناوخۆییەکانن".

کایا کالاس پەیامێکی روونی ئاراستەی تاران کرد و وتی، "ئەمە پەیامێکیشە بۆ تاران بۆ سەلماندنی ئەوەی داهاتوی ئێران ناتوانرێت لەسەر بنەمای سەرکوتکردن بونیاد بنرێت".

ئەمە لەكاتێكدایە، جەنگێكی قورس لەنێوان ئەمریكاو ئیسرائیل و ئێران دەستیپێكردوە.