داواکارییەکانی ئەمریکا لەئێران ئاشکرابوو.. تاران ڕەتیکردەوە ملکەچی واشنتۆن بێت

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 757 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەرپرسێكی ئەمریكی ئاشكرایكردوە، ئێران چەندین داواكاری ئەمریكای ڕەتكردۆتەوە لەوانە بڕینی هاوكارییە داراییەكانی گروپە چەكدارەكان.
 

بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا بەئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند، ئێران بەتوندی داواکارییەکی ئەمریکای بۆ برینی هاوکارییە داراییەکانی بۆ هەر یەکە لەبزوتنەوەی حەماس، حزبوڵای لوبنان و گروپە حوسییەکانی یەمەن ڕەتکردوەتەوە.

ئەو بەرپرسە ئەمریكییە ئاماژەی بۆ ئەوەشكردوە، جگە لەپرسی گروپە ناوچەییەکان، خاڵێکی دیکەی ناکۆکییەکان پرسی ئاسایشی دەریاوانی و وزە بوە.

بەپێی سەرچاوەکە، ئێران ئامادە نەبوە گەروی هورمز بەتەواوی بەڕوی کەشتییەکانی نێودەوڵەتیدا بکاتەوە، کە بە یەکێک لەگرنگترین ڕێڕەوەکانی گواستنەوەی وزە لەجیهاندا دادەنرێت. 

هەروەها تاران سور بوە لەسەر بەردەوامبون لەپیتاندنی یۆرانیۆم و ڕەتیکردوەتەوە وێستگە ئەتۆمییە سەرەکییەکانی هەڵوەشێنێتەوە.

هاوکات پێگەی هەواڵیی ئەکسیۆس لەزاری بەرپرسێکی ئەمریکی بڵاوی کردوەتەوە، واشنتن لەچوارچێوەی هێڵە سورەکانیدا داوای کۆتاییهێنانی یەکجاری بەپیتاندنی یۆرانیۆم و هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم وێستگە ئەتۆمییە سەرەکییەکانی پیتاندنی کردوە کە بەشێکی زۆریان پێشتر زیانیان بەرکەوتوە، جگە لەوەرگرتنەوەی ئەو یۆرانیۆمە پیتێنراوەی کە لەلای تارانە.

واشنتن داوای کردوە تاران بچێتە ناو چوارچێوەیەکی فراوانتری ئاشتی و سەقامگیری و هێورکردنەوەی ئاڵۆزییەکان کە هاوپەیمانە ناوچەییەکانی ئەمریکاش بگرێتەوە؛ بڕینی تەواوەتی هاوکارییە داراییەکان بۆ گروپە چەکدارەکانی وەک حەماس، حزبوڵا و حوسییەکان وەک مەرجێکی بنەڕەتی دانراوە.

سەبارەت بە ئاسایشی دەریایی، واشنتن داوای کردووە گەروی هورمز بە تەواوی بەڕوی کەشتیڕانی نێودەوڵەتیدا بکرێتەوەو هیچ باج و سەرانەیەک لەو کەشتیانە وەرنەگیرێت کە پیایدا تێپەڕ دەبن.

سەرچاوە ئاگادارەکان ئاماژەیان بەوە کردووە یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکانی ناکۆکی نێوان هەردولا، پرسی بڕی ئەو پارە بلۆککراوانەی ئێران بوە کە بڕیار بوە واشنتن ئازادیان بکات. ئەم کێشە داراییە لەگەڵ ڕەتکردنەوەی مەرجە ئەمنییەکان، وایکرد دانوستانەکان بەبێ هیچ ئەنجامێک کۆتاییان بێت.

بەپەلە