ڕاپۆرتێکی ڕوسی: ئەوروپییەکان گرێی ترسی ترەمپیان تێپەڕاندوە

جیهان

8 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1417 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ڕۆژنامەی "ڤزگلیاد"ی ڕوسی، لەبارەی تێپەڕاندنی گرێی ترس لەتره‌مپ لەلایەن ئەوروپایییەکانەوە ڕاپۆرتێکی بڵاوکردوه‌تەوەو باسی لەوەکردوە، سەرکردە ئەوروپییەکان پێیانوایە، سەردەمی ترەمپ کۆتاییهاتوەو لەهەڵبژاردنی داهاتوی کۆنگرێسدا دیموکراتەکان سەردەکەون.


رۆژنامەکە دەڵێت، "پاش کۆبونەوەیەکی داخراو لەواشنتۆن، مارک ڕوتە ئەمینداری گشتیی ناتۆ وتویه‌تى، دۆناڵد تره‌مپ بەڕونی نائومێد بوە لەبەر ڕەتکردنەوەی هاوپەیمانەکانی ئەمریکا بۆ چونە ناو جەنگ دژی ئێران، ئەمەش وەک ئەوەی لەڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی گاردیاندا هاتوە".

ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەکردوە، هۆکاری نائومێدیی کۆشکی سپی دەگەڕێتەوە بۆ پشتگوێخستنی داواکەی واشنتۆن لەلایەن ئەندامانی ناتۆوە بۆ هاوکاریی سەربازیی بەمەبەستی کردنەوەی دوبارەی گەروی هورمز.

لەوبارەیەوە، مالیک دوداکۆڤ توێژەری کاروباری ئەمریکا دەڵێت، ئێستا مانۆڕێک لەنێوان ئەمریکاو ئەوروپا سەبارەت بەگەروی هورمز لەئارادایە، چونکە ئەمریکا بەتەنها ناتوانێت بیکاتەوەو کەشتییە جەنگییەکانی، لەوانەش کەشتییە جەنگییەکانی ئێرلی بێرک، لەبەردەم مەترسیی نقومبوندان بەهۆی مینە ئێرانییەکان‌و بەلەمە خۆکوژو موشەکە دژە کەشتییەکانەوە.

هەربۆیە کۆشکی سپی هەوڵدەدات وڵاتانی ئەوروپا ڕابکێشێتە ناو ئەم بەشدارییەوە، بەڵام ئەوان هەموو شتێک تێدەگەن‌و پەلەناکەن بۆ چونە ناو پرۆسەکە.

دوداکۆڤ هەروەک وتویەتی، "ئەم دۆخە  ترامپ ناچاردەکات تۆنی دەنگی بەرامبەر ئەوروپا توند بکاتەوە، بەڵام هەڕەشەکانی بۆ کشانەوە لەناتۆ بێسودن، چونکە پێویستی بەڕەزامەندیی کۆنگرێس هەیەو یاسادانەرانیش لەگەڵ ئەمەدانین، چونکە دژی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکایە".

سەبارەت بەکەمکردنەوەی بونی سەربازیی لەئەوروپا، ئەوا لەڕوی تیۆریییەوە دەکرێت، بەڵام جێبەجێکردنی چەند ساڵێکی دەوێت.

لەکۆتاییدا ڕاپۆرتەکە دەڵێت، "ئەوروپا کە پشت بەوزەی گەروی هورمز دەبەستێت، ڕازیدەبێت پارە بەلایەنی ناوەند لەپاکستان یان هیندستان بدات بۆ گەڕاندنەوەی دەریاوانی لەگەروەکەدا، چونکە پێیانوایە سەردەمی تره‌مپ بەرەو کۆتایی دەچێت‌و لەهەڵبژاردنی داهاتوی کۆنگرێسدا دیموکراتەکان سەردەکەون‌و سەرۆک دەبێتە خاوەن دەسەڵاتێکی پەککەوتوو".

بەپەلە