هێزێكی نێودەوڵەتی بۆ ئاسایشی گەروی هورمز پێكدەهێنرێت

جیهان

5 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 3422 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەرۆکی فەرەنسا ئاشكرایكرد، وڵاتەکەی بەهاوکاری بەریتانیا لەچەند ڕۆژی داهاتودا کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی سەبارەت بەبارودۆخی گەروی هورمز ڕێکدەخەن، ئەمەش بەئامانجی پێکهێنانی هێزێکی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی هاتوچۆی دەریایی.


ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا، لەپۆستێکدا لەتۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕایگەیاند، وڵاتەکەی بەهاوبەشی لەگەڵ بەریتانیا کۆنفرانسێکی نیودەوڵەتی سەبارەت بەبارودۆخی گەروی هورمز رێکدەخات، ئاماژەی بەوەشکردووە، کۆنفرانسەکە ئەو وڵاتانە کۆدەکاتەوە کە ئامادەن شانبەشانی فەرەنسا بەشداری بکەن لەئەرکێکی فرەنەتەوەیی خاوەن خەسڵەتی ئاشتیخوازانە، کە ئامانجی سەرەکیی گەڕاندنەوەی ئازادیی دەریاوانییە لە گەرووی هورمزدا.

سەرۆکی فەرەنسا جەختی کردەوە، ئەم هێزە نێودەوڵەتییە تەنها ئەرکێکی بەرگری دەبێت و بە ەواوی سەربەخۆو جیاواز دەبێت لەلایەنەکانی ناو ململانێکان هەروەها وتیشی،" نێردەکە ئامادە دەبێت بۆ بڵاوەپێکردن هەر کاتێک بارودۆخەکە رێگەی پێ بدات".

ماکرۆن لەپەیامەکەیدا داوایکرد، نابێت کەمتەرخەمی بکرێت بۆ گەیشتن بەچارەسەرێکی دیپلۆماسیی خێراو بەردەوام بۆ ململانێکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، وتیشی،"پێویستمان بەرێککەوتنێکی بەهێز هەیە کە چوارچێوەیەکی تۆکمە بۆ هەموان دەستەبەر بکات تاوەکو لەئاشتی و ئاسایشدا بژین."

ئەم دەسپێشخەرییەی فەرەنساو بەریتانیا لەکاتێکدایە، هەڕەشەکانی داخستنی گەروی هورمزو سەپاندنی گەمارۆی دەریایی، مەترسییەکی گەورەیان لەسەر بازرگانی و وزەی جیهانی دروست کردوە.

بەپەلە