شارپرێس:
سەرۆکی دەسەڵاتی دادی ئێران پەیامێك بۆ ئەمریكا دەنێرێت و دەڵێت، پەنجەی سەربازەکانمان لەسەر پەلەپیتکەیە، ڕاگرتنی کاتیی شەڕ نەبوەتە هۆی سستبونی ویستی هێزەکانمان و دەشڵێت،" وڵاتەکەی ئامادەی گفتوگۆو لێکتێگەیشتنە لەگەڵ ئەمریکاو لەسەر بنەمای پرەنسیپ و لۆژیک وەرنەوە پێشەوە".
غۆلامحوسێن موحسینی ئیژەیی، سەرۆکی دەسەڵاتی دادی ئێران لەکۆبونەوەیەکدا لەگەڵ ئەندامانی ئەنجومەنی باڵای دەسەڵاتی دادوەریی ئەو وڵاتە لەتاران، باسی لەدانوستاندنەکانی ئیسلامئاباد لەنێوان شاندەکانی ئێران و ئەمریکای کردو ڕایگەیاند،"ئەمریکییەکان بەو لەخۆباییبونەی هەیانە و بەهەمان هاوکێشەی سەپاندنی قسەی خۆیان، لەدانوستاندنەکانی ئیسلامئاباد ئامادە بون".
غوڵامحوسێن موحسینی ئیژەیی وتیشی،"ئەمریکا دەیویست لەسەر مێزی گفتوگۆ لەئیسلامئاباد ئەو دەستکەوتانە بەدەست بهێنێت کە لەجەنگدا بۆی بەدینەهاتبوو".
سەرۆکی دەسەڵاتی دادی ئێران ئاماژەی بەوە کرد، شاندی ئێرانی بەسەرۆکایەتیی محەممەد باقر قالیباف توانی بەسەرکەوتویی پارێزگاری لەمافەکانی خەڵکی ئێران و دەستکەوتەکانی مەیدانی جەنگ بکات و هەربۆیەش نەیهێشێت ئەمریکا بگاتە ئامانجەکانی.
ئیژەیی باسی لەوەش کرد کە ئەگەر جەنگ دەستپێبکاتەوە، سوپای وڵاتەکەی ئامادەیەو وتی،"پەنجەی سەربازەکانمان لەسەر پەلەپیتکەیە، ڕاگرتنی کاتیی شەڕ نەبوەتە هۆی سستبونی ویستی هێزەکانمان".
سەرۆکی دەسەڵاتی دادی ئێران دەشڵێت،"گەلی ئێران بە یەکگرتویی و یەکریزییەوە دەمێنێتەوەو گوێڕایەڵی فەرمانەکانی رێبەری کۆماری ئیسلامییە و پشتیوانی هەمەلایەنە لەهێزە چەکدارەکان دەکات".
ئەمە لەكاتێكدایە، بڕیارە ئەمڕۆ كاتژمێر 5ی ئێوارە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا، گەمارۆیی دەریایی بەسەر ئێراندا بسەپێنێت.
