شارپرێس:
کەناڵی "فۆکس نیوز"ی ئەمریکی ئاماژەی بەوەکردوە، عاسم مونیر فەرماندەی سوپای پاکستان، وەک یەکێک لەو بەرپرسە بیانییە دەگمەنانە دەردەکەوێت کە متمانەی هەردوو لایەنی ئەمریکاو ئێرانی بەدەستهێناوە، سەرەڕای ئەمەش کەناڵەکە هۆشداریی دەداتە دۆناڵد ترەمپ لەو پەیوەندییە قووڵو توندانەی نێوان مونیرو سوپای پاسدارانی ئێران.
بەوتەی شارەزایان، مونیر لەماوەی کارکردنی وەک بەڕێوەبەری پێشوی هەواڵگریی پاکستان، پەیوەندییەکی پتەوی لەگەڵ فەرماندە باڵاکانی سوپای پاسداران، لەوانە قاسم سولهیمانی (پێش کوژرانی)و حسێن سەلامی، بونیادناوە، ئەم پەیوەندییە وەک "نیشانەیەکی مەترسیداری هۆشداریی" بۆ ئیدارەی ترەمپ دادەنرێت.
سەرچاوەکان باس لەوەدەکەن، مونیر وەک "کەناڵێکی پشتی پەردە" لەنێوان واشنتۆنو تاران کاردەکات بۆ کۆتاییهێنان بەململانێکان، بەڵام ئەم نزیکبونەوەیەی لەئێران، ئەگەرچی بۆ ئاشتیی بەکاردێت، بەڵام جێگەی نیگەرانییە بۆ ئەو لایەنانەی کە بەدوای سنوردارکردنی دەسەڵاتی ئێراندا دەگەڕێن.
کەناڵەکە باسی لەوەکردوە، تایبەتمەندییەکانی مونیر کە وەک کەسایەتییەکی سەربازیی خاوەن دەسەڵاتو پەیڕەوکەری سیستەمو هێز دەناسرێت، وایکردوە ترەمپ وەک "فەرماندەی مەیدانیی دڵخوازی خۆی" ناوی ببات.
سەرەڕای ئەمە، شارەزایان پێیانوایە، "مونیر لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی دەوڵەتو پراگماتیزم مامەڵە دەکات نەک ئایدیۆلۆژیا"، ئەوەش ئەو خاڵەیە کە ڕێگەی پێداوە وەک نێوەندگیرێک لەنێوان دوو بەرەی ناکۆکدا بمێنێتەوە، بێئەوەی بەئاسانی دەستبەرداری ئەو تۆڕە پەیوەندییانە بێت کە لەگەڵ تاران لەماوەی ساڵانێکدا دروستیکردون.
