سوپای پاسداران منداڵان چه‌كدار ده‌كات‌و ئامادەکاریی بۆ جەنگ دەکات

جیهان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1214 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئێران بەفەرمی ئامادەیی خۆی بۆ دەستپێکردنەوەی جەنگ ڕادەگەیەنێت‌و دامەزراوە نەوتییەکانی سعودیەو ئیمارات وەک ئامانجی سەرەکی دەستنیشاندەکات، هاوکات لەناوخۆشدا لەڕێگەی چەکدارکردنی منداڵان‌و بڵاوەپێکردنیان لەخاڵە ئەمنییەکان، کۆمەڵگە بەرەو سەربازییکردن دەبات.


ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی لەسۆشیاڵ میدیا بڵاوبونەتەوە، ساتەوەختێکی هەژێنەر نیشاندەدەن، منداڵانی تەمەن خوار 15 ساڵ، لەبری کتێب‌و یاری، چەکی ڕاستەقینەیان لەلایەن فەرماندە ئەمنییەکانەوە پێدەسپێردرێت، ئەم نمایشە سەربازییە کە لەنێو کۆبونەوەکانی لایەنگرانی ڕژێمدا ڕێکخراوە، تەنها وەک پەروەردەی ئایدیۆلۆژیی نابینرێت، بەڵکو به‌گوێره‌ى ڕاپۆرتە مەیدانییەکان، ئێستا ئەو منداڵانە لەئەرکی مەترسیداری وەک پاسەوانیی خاڵەکانی پشکنیندا بەکاردەهێنرێن، ئەمە پاشەکشەیەکی گەورەی مافەکانی مرۆڤە کە تێیدا بێتاوانیی منداڵ دەکرێتە قوربانیی ململانێیەکی سیاسیی قووڵ.

هاکات لەگەڵ ئەم جەنگە دەرونییە ناوخۆییە، ئاژانسی "تەسنیم"ی زمانحاڵی سوپای پاسداران، نەخشەی جەنگێکی فراوانتری کێشاوە، تاران بەڕاشکاوی ڕایگەیاندوە، ئامادەیە بۆ دەستپێکردنەوەی جەنگ‌و بانکێکی ئامانجی دیاریکردوە کە خاڵە ستراتیژیی‌و هەستیارەکانى ئابوری جیهان دەگرێتەوە، لە(بابولمه‌نده‌ب)ه‌وه‌ تا دامەزراوەکانی (ئارامکۆ) لەسعودیەو بەندەرە ستراتیژییەکانی (یەنبوغ‌و فوجەیرە) له‌ئیمارات، هەموو لەنیشانەی موشەکەکانی ئێراندایە.

چاودێران پێیانوایە، تێکەڵکردنی هەڕەشەی ئابوریی لەگەڵ دیمه‌كانى سەربازییکردنی کۆمەڵگە‌و منداڵان، نیشانەی ئەوەیە کە تاران دەیەوێت پەیامێکی سەرکێشانە بنێرێت کە ئامادەیە هەموو کارتەکان بەکاربهێنێت، تەنانەت ئەگەر باجەکەی نەوەی داهاتوی وڵاتەکەو سەقامگیریی وزەی جیهانیش بێت.

بەپەلە