ئیسرائیل ئاماده‌كاریی بۆ شه‌ڕێكی قورس دژی ئێران ده‌كات

جیهان

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 297 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لەکاتێکدا جیهان چاوەڕێی ئەنجامی کۆتا خولەکانی دانوستانی ئیسلام ئاباد دەکات، تەمومژێکی ڕەش بەسەر ناوچەکەدا کێشراوە، بەرپرسێکی باڵای سەربازیی ئیسرائیل پەیامێکی توندو کەموێنەی ئاڕاستەی تاران کردو ڕایگەیاند، "ئەگەر دیپلۆماسی شکستبهێنێت، ئێران ڕوبەڕوی لێدانێکی ئەوەندە سەخت دەبێتەوە کە زیانەکانی لەژماردن نەیەن".


ئەو ئارامیه‌ 14 ڕۆژەی کە بەنێوەندگیریی پاکستان هاتبوە ئاراوه‌، بڕیارە لە 22ی ئەم مانگەدا کۆتایی بێت، به‌گوێره‌ی زانیارییە دزەپێکراوەکان، سوپای ئیسرائیل‌و فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا (سێنتكۆم) پلانێکی هاوبەشیان بۆ وەشاندنی گورزێکی جەرگبڕ ئامادەکردوە کە نەک هەر بنکە سەربازییەکان، بەڵکو ژێرخانە ستراتیژییەکانی وزەی ئێرانیش دەگرێتەوە.

بەرپرسە سەربازییەکە ئاشکرایکردوە، بانکە نوێیەکەی ئامانجەکانیان گۆڕانکاریی بەسەرداهاتوە، ئەمجارە باس لەلێدانێک دەکرێت کە ببێتە هۆی پەکخستنی تەواوەتی توانای ئابوریی‌و وزەی ئێران، وەک وەڵامێک بۆ بەردەوامی داخستنی گەروی هورمز لەلایەن تارانەوە.

شارەزایان هۆشداریدەدەن، ئەم هەفتەیە چارەنوسسازترین کاتە بۆ داهاتوی ناوچەکە، لەلایەکەوە ئەمریکاو ئیسرائیل باس لەسەبرێکی تەواوبوو دەکەن، لەلایەکی دیكه‌شه‌وه‌ ئێران سورە لەسەر مەرجەکانی بۆ کۆتاییهێنان بەگەمارۆی دەریایی.

هەموو چاوەکان لەسەر کاتژمێرە کەمەکانی داهاتون، ئایا ژورە داخراوەکانی دانوستان دەتوانن ڕێگریی لەگەورەترین پێکدادانی سەربازی سەدەی 21 بکەن، یان دەنگی موشەک‌و فڕۆکە جەنگییەکان دەبنە تەنها زمانی قسەکردن لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا؟، چاودێران ده‌ڵێن، ئەمە تەنها کێبڕکێی کات نییە، بەڵکو کێبڕکێیەکە لەنێوان ئاشتییەکی له‌رزۆک‌و وێرانکارییەکی بێوێنە.