شارپرێس:
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی دەزگای هەواڵگریی سەربازیی ئیسرائیل، ئێران لەئێستادا بەقۆناغێکی هەستیارو پڕ لەدرزی قوڵ لەئاستی سەرکردایەتییدا تێپەڕدەبێت.
ناوەڕۆکی ئەم ڕاپۆرتە جەخت لەسەر ئەوەدەکاتەوە، دیارنەمانو مردنی عەلی خامنەیی بۆشاییەکی گەورەی لەناوەندەکانی بڕیاردنی ئێراندا دروستکردوە، چونکە چیتر کەسێک نەماوە کە خاوەنی هەژمونی پێشوی ئەوبێتو بتوانێت بەیەک وتە هەموو باڵە ناکۆکەکان کۆبکاتەوەو قسەی کۆتایی لەپرسە چارەنوسسازەکاندا بکات.
بهگوێرهى هەمان ڕاپۆرت، موجتەبای کوڕی خامنەیی کە وەک جێگرەوەی باوکی دەستنیشانکراوە، لەڕوی کاریزماییو سیاسییەوە لاواز دەردەکەوێت، ئەمەش وایکردوە لەناو شەقامی ئێرانییو تەنانەت لەنێو بازنەی دەسەڵاتدارانیشدا بەکەسایەتییەکی پڕ لەکەموکوڕی وێنا بکرێت.
دەشڵێت، "سەرەڕای ئەوە، هەستێکی گشتیی دروست بوە کە سیستەمەکە بەرەو پاشایەتییەکی خێزانیی هەنگاودەنێت، هەمان ئەو شێوازەی کە شۆڕشی 1979 دژی وەستایەوە، ئەم دۆخەش وایکردوە متمانە لەنێوان سەرکردە نوێیەکاندا بەتەواوی کاڵ ببێتەوەو هەر بڕیارێک دەردەچێت، ڕاستەوخۆ ڕوبەڕوی گومانو ناکۆکی دەبێتەوە".
ڕاپۆرتەکە بەوردی ئاماژە بەوەدەکات، ئێران ئێستا بەسەر چەند باڵێکی ناکۆکدا دابەش بوە؛ لەلایەک باڵی توندڕەوی سەر بەسوپای پاسداران کە بەهێزترین پێگەیان هەیەو دژی هەرجۆرە نەرمی نواندنێکن بەرامبەر ڕۆژئاوا.
لەلایەکی دیکەش باڵی ریفۆرمخوازەکان بەسەرۆکایەتیی مهسعود پزیشکیانو عهباس عێراقچی کە هەوڵی دۆزینەوەی میکانیزمێک بۆ کەمکردنەوەی سزاکان دەدەن، بەڵام ئەم باڵە ڕیفۆرمخوازە بەهۆی گوشارە بەردەوامەکانی سوپای پاسدارانەوە، توانای کاریگەرییان زۆر سنوردارە.
تەنانەت ئەوەشهاتوە کە ئەو بەرپرسانەی دەیانەوێت گفتوگۆ لەگەڵ ڕۆژئاوا بکەن، لەلایەن توندڕەوەکانەوە بە«ناپاکیی» تۆمەتباردەکرێن.
لەکۆتاییدا راپۆرتەکە دەڵێت، "ئەم ململانێ ناوخۆییە وایکردوە دیپلۆماتکارانی ئێرانی لەدانوستانەکاندا توشی شڵەژان بن، چونکە ناتوانن دڵنیایی بدەن کە ئایا ئەو بڕیارانەی دەیدەن، لەلایەن تەواوی دەسەڵاتەوە پشتگیریی لێدەکرێت یان نا".
