عێراق كار بۆ دامەزراندنی 83 هەزار دەرچوی نوێ دەكات

عیراق

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 280 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئەنجومەنی ڕاژەی گشتی عێراق داوا دەکات 83 هەزار پلەی وەزیفی نوێ لەناو پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2026دا جێگیر بکرێت و ڕایگەیاند، سەرجەم ئامادەکارییە تەکنیکی و کارگێڕییەکانیان بۆ ئەنجامدانی پرۆسەی دامەزراندنەکە تەواو کردوە.


فازڵ غەراوی، وتەبێژی ئەنجومەنی ڕاژەی عێراق ڕایگەیاند، نوسراوی فەرمیان ئاراستەی نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق کردوە بەمەبەستی تەرخانکردنی ئەو پلە وەزیفیانە، ئەوەش لەچوارچێوەی هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی دۆسیەی دامەزراندنی دەرچوان و دابینکردنی پێداویستییەکانی ئەو توێژانەی مافی دامەزراندنیان هەیە.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو پلە وەزیفیانە هەریەکە لەیەکەمەکان، هەڵگرانی بڕوانامە باڵاکان تاوەکو رێکەوتی 1ی کانونی دوەمی 2026، دەرچوانی کەناڵی "نخبە" و ئەندازیاران، پلەی وەزیفی سەربەخۆ بۆ کەسوکاری شەهیدان، دەرچوە کۆنەکان و کەمینەکان تەرخان دەکرێت، کە تیایاندا پشکی تایبەت بۆ پێکهاتەی کاکەیی و ڕزگاربووانی دەستی داعش لە کوردانی ئێزدی دیاریکراوە.

باسی لەوەشکرد، پرۆسەی دابەشکردنی پلەکان بەپێی شایستەی یاسایی و سیستەمی خاڵبەندی دەبێت، بە جۆرێک کە بنەماکانی شەفافیەت و دادپەروەری و یەکسانی تێدا بپارێزرێت. 
وتیشی، لەئێستادا بنکەی زانیارییەکان و سیستەمی پێشکەشکردنی ئەلیکترۆنییان پەرەپێداوە بۆ ئەوەی پرۆسەکە بەخێرایی و بەبێ ئاستەنگ بەڕێوەبچێت.

جەختیشی کردەوە کە ئەنجومەنەکە لەگەڵ لایەنە حکومی و پەرلەمانییەکان لەهەماهەنگیدایە بۆ دابەشکردنی ئەو پلە وەزیفیانە بەسەر وەزارەت و دامەزراوەکاندا، بەجۆرێک کە لەگەڵ پێداویستیی ڕاستەقینەی بازاڕی کارو بەرزکردنەوەی کارایی دەزگاکانی دەوڵەتدا بگونجێت.