شارپرێس:
بڕیار ڕەشید، ئەندامی پەرلەمانی عێراق ئاشكرایكرد، ئەمڕۆ لەدانیشتنی پەرلەماندا، بەکۆی دەنگ، بڕیارێکی گرنگيان لەبەرژەوەندی جوتیاران پەسەندکردوە، كە ئامانج لێی پاراستنی مافی جوتیارانی هەرێمە.
بڕیار ڕەشید، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، لەفراكسیۆنی یەكێتی، ڕایگەیاند، ئێستا لەئەنجومەنی نوێنەران، توانیمان بەکۆی دەنگی ئەندامان بڕیارێکی پەرلەمانیی تایبەت بەجوتیاران پەسەند بکەین.
لەبارەی پڕۆژە بڕیارەكەوە وتیشی،" ئەم بڕیارە لەچوار بڕگەی سەرەکی پێکدێت و ئامانج لێی پاراستنی مافەکانی جوتیاران و دابینکردنی پاڵپشتی زیاترە بۆیان، تا بتوانن بەردەوام بن لەخزمەتکردنی کەرتی کشتوکاڵ".
بڕیار ڕەشید ئاماژەی بەوەشدا ، چوار بڕیارەكە ڕاگرتنی وەرگرتنەوەی قەرزی جوتیاران تا پەسەندکردنی بودجەو دیاریکردنی نرخی گەنم هاوشێوەی ساڵی ڕابردو و هەڵوەشاندنەوەی سیستەمی حجبی پێشوەختە پێش ڕادەستکردنی گەنم و خەرجکردنی شایستە داراییەکانی جوتیارانن.
ئەمە لەكاتێكدایە، جوتیارانی كوردستان ساڵانە ڕوبەڕوی چەندین گرفت دەبنەوە، لەوانە دابیننەكردنی شایستەداراییەكانیان لەكاتی خۆیداو پێنەدانی تۆوە گەنم و گرنگترین گرفتیشیان وەرنەگرتی تەواوی ئەو بڕە گەنمەیە كەبەرهەمی دەهێنن.