شارپرێس:
بانكی ناوەندی عێراق لەبارەی ڕاگرتنی دۆلار لەلایەن ئەمریكاوە بۆ عێراق ڕونكردنەوە دەدات و دەڵێت، ئەو ڕاپۆرتانە ڕەتدەكەنەوە كەباس لەوە دەکەن ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا ناردنی دۆلاری نەختینەی بۆ بەغدا ڕاگرتبێت.
بانکی ناوەندیی عێراق، لەڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، ئەو ڕاپۆرتانە ڕەتدەكەنەوە كەباس لەوە دەکەن ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا ناردنی دۆلاری نەختینەی بۆ بەغدا ڕاگرتبێت.
بانکی ناوەندی، لەڕاگەیەندراوەكەیدا،جەختی کردەوە لێشاوکردنی دۆلار لەبانکی یەدەگی فیدراڵی نیویۆرکەوە بۆ بەغدا بەردەوامە، بەڵام سەرەڕای ئەم دڵنیاییە، نرخی دینار لەبازاڕەکاندا توشی شڵەژان بوە.
ئەمە لەكاتێكدایە، کەناڵی ئەلعەرەبیە بڵاوی کردەوە، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بڕیاریدا ناردنی دۆلار بۆ عێراق ڕابگرێت تا دوای پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق.
ئەم دەنگۆیانە دوای ئەوەدێن، كەلەچەند ڕۆژی ڕابردودا وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، سزای توندی بەسەر حەوت فەرماندەی باڵای میلیشیاکانی نزیک لەئێراندا سەپاند لەوانە فەرماندەکانی کەتائیبی حزبوڵڵا، نوجەبا و عەسائیب ئەهلیحەق.