ئەڵقەی حەبیب.. حکومەتە سێبەرەکەی موجتەبا خامنەیی‌و مەترسیدارترین تۆڕی نهێنی تاران

جیهان

5 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2700 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەپشت پەردەکانی نوسینگەی ڕێبەری ئێرانەوە، موجتەبا خامنەیی سەرپەرشتی (ئەڵقەی حەبیب) دەکات كه‌ تۆڕێکی نادیارو ترسناکی پێکهاتوه‌ لەژەنەڕاڵە دێرینەکانی سوپای پاسداران کە واشنتۆن وەک مەترسیدارترین حکومەتی سێبەرو بزوێنەری سەرەکیی بڕیارە نهێنییەکانی تاران ناویان دەبات.


ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ لەڕاپۆرتێکدا ئاماژە بەوەدەکات، شەڕ بوه‌تە هۆی گۆڕینی ئێران بۆ ڕوخسارێکی توندڕەوتر، پێچەوانەی ئەو ئامانجەی کە پێشبینیدەکرا سەرکردایەتییەکی نەرمترو کراوەتر بەرامبەر واشنتۆن‌و تەلئەبیب دەربکەوێت.

ڕۆژنامە ئەمریکییەکە لەڕاپۆرتەکەیدا دەڵێت، "ئێستا، ئەو بۆشاییەی دروستبوە، لەلایەن سەرکردەی توندڕەوترەوە پڕکراوەتەوە کە کەمترین ئامادەییان بۆ سازشی سیاسیی لەناوخۆو دەرەوە هەیە".

لەڕاپۆرتەکەدا هاتوە، "لەناوەندی ئەم دەسەڵاتە نوێیەدا، موجتەبا خامنەیی وەک ڕابەری نوێ دەردەکەوێت، کە به‌گوێره‌ى ڕاپۆرتەکە، بنەماڵەی خامنەیی بەپشتیوانی هاوپەیمانییەکی مێژویی لەگەڵ سوپای پاسداران، خۆیان بۆ ئەم ساتە ئامادەکردبوو".

موجتەبا لەناو نوسینگەی ڕابەردا تۆڕێکی بەهێزی لەگەڵ سوپای پاسداران دروستکردوە کە بەئەڵقەی حەبیب ناسراوەو لەکەسایەتییە ئەمنییە کۆنەکانی سەردەمی شەڕی ئێران‌و عێراق پێکهاتوە کە واشنتۆن بەیەکێک لەتۆڕە نهێنییە هەرە مەترسیدارەکانی سیستەمەکەى دەزانێت.

ئەم گۆڕانکارییە لەدەستبەکاربونی محەمەد باقر زولقەدر وەک سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێراندا ڕەنگدەداتەوە کە کەسایەتییەکی پێشوی سوپای پاسدارانەو یەکێکە دامەزرێنەرانی فەیلەقی قودس کە ئێستا کاریگەریی گەورەی لەسەر دانوستانەکان لەگەڵ واشنتۆن هەیە، ئەمەش جیاوازە لەعەلی لاریجانی کە خاوەن دیدگایەکی واقیعیتر بوو.

هەروەک ئەحمەد وەحیدی فەرماندەی گشتیی نوێی سوپای پاسداران کە ناوی لەدۆسیەی تەقینەوەکەی بۆینس ئایرس لەساڵی 1994 هاتوەو ڕۆڵێکی سەرەکیی لەپەروەردەکردنی نەوەیەکی نوێی سیاسیی لەژێر چاودێریی سوپای پاسداران‌و سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکانی ساڵی 2022دا بینیوە.

وێنەکە بەموحسین ڕەزایی ڕاوێژکاری سەربازیی خامنەیی تەواو دەبێت کە فەرماندەی پێشوی سوپای پاسداران بوە لەکاتی شەڕدا، ئێستا هەڵوێستێکی توندی هەیەو پێداگریی لەسەر بەردەوامی ڕوبەڕوبونەوەی ئه‌مریكاو ئیسرائیل دەکات تائەوکاتەی داواکارییەکانی ئێران لەوانە لابردنی گەمارۆکان‌و قەرەبوکردنەوەی زیانەکانی شەڕ جێبەجێدەکرێن.

بەگشتیی، ئەو دەسەڵاتە نوێیەی ئێران کە ڕاپۆرتەکە باسیدەکات، ئاراستەیەکی توندترو دور لەدیپلۆماسیی نەرم لەخۆدەگرێت.

بەپەلە