قالیباف‌و ڤانس.. کاتژمێری یەکلاکەرەوە لەپاکستان

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1677 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەکاتژمێرە کۆتایییەکانی تەمەنی ئەو ئاگربەستە کاتییەی کە جیهانی لەجەنگێکی وێرانکەر پاراستوە، چاوەکان لەسەر پایتەختی پاکستانن، لەهەنگاوێکی چاوەڕواننەکراودا کە وەک گرەوی کۆتایی وەسفدەکرێت، ململانێی تاران‌و واشنتۆن لەژورە داخراوەکانەوە بەرەو ڕوبەڕوبونەوەی ڕاستەوخۆی دیپلۆماسی لەسەر ئاستی باڵا هەنگاو دەنێت.


ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز لەزاری بەرپرسانی باڵای ئێرانەوە ئاشکرایکردوە، محەمەد باقر قالیباف سەرۆکی پەرلەمان‌و کەسایەتیی کاریگەری ئێران، تەنها بەیەک مەرج دەچێتەسەر مێزی گفتوگۆکانی خولی دوەم ئه‌ویش، ئامادەبونی ڕاستەوخۆی جی دی ڤانس جێگری سەرۆکی ئەمریکایه‌، دواى ئه‌م په‌یامه‌ش، ئه‌مریكا ڕایگه‌یاندوه‌، ڤانس به‌ره‌و ئیسلام ئاباد به‌ڕێده‌كه‌وێت.

چاودێرانیش پێیانوایه‌، ئەم مەرجە تەنها پرسێکی پڕۆتۆکۆڵی نییە، بەڵکو پەیامێکی سیاسیی قووڵە، تاران دەیەوێت دڵنیابێتەوە کە هەر ڕێککەوتنێک دەکرێت، ڕەزامەندیی ڕاستەوخۆی کۆشکی سپی لەپشتە.

ئەم جوڵە دیپلۆماسییە لەکاتێکدایە کە کاتژمێری سفری کۆتاییهاتنی ئاگربەستەکە نزیک دەبێتەوە، لایەنەکان لەسەر لێواری موسن، لەلایەکەوە گەمارۆ دەریایییەکانی ئەمریکاو دەستبەسەرداگرتنی کەشتییە ئێرانییەکان کەشی متمانەیان ژەهراوی کردوە، لەلایەکی دیكه‌شه‌وه‌ هەڕەشەکانی ئێران بۆ داخستنی گەروی هورمز جیهانی خستوەتە دڵەراوکێوە.

لەناوجەرگەی ئیسلام ئاباد، دیمەنەکە زیاتر لەسەربازگەیەک دەچێت نەک شارێکی دیپلۆماسی، هەزاران هێزی ئەمنی بڵاوەیان پێکراوەو ناوچەی سەوز بەتەواوی دابڕێنراوە، لێرە تەنها باسی تەمەن درێژکردنی ئاگربەست ناکرێت، بەڵکو باسی چارەنوسی ناوچەیەکە کە دەکرێت بەیەک "تەوقە" ئارام ببێتەوە، یان بەیەک "شکستی دانوستان" بگەڕێتەوە بۆ ناو ئاگر.

ئایا ئامادەبونی قالیباف‌و ڤانس دەبێتە کلیلی کردنەوەی گرێکوێرەکان، یان تەنها هەوڵێکی کۆتایییە پێش دەستپێکردنەوەی دەنگی دەهۆڵی جەنگ؟ جیهان بەهەناسەسوارییه‌وە چاوەڕێی دوکەڵی سپی لەئیسلام ئاباد دەکات.

بەپەلە