بەرپرسێکی پێشوی ئێران بەتۆمەتی سیخوڕی بۆ مۆساد له‌سێداره‌درا

جیهان

6 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2006 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەچوارچێوەی هەڵمەتێکی چڕو بێپێشینەی سێدارەدان لەئێران، دەسەڵاتی دادی ئەو وڵاتە لەسێدارەدانی مه‌هدی فەرید بەرپرسی پێشوی لەیەکەیەکی هەستیاری بەرگریی شارستانی ڕاگەیاند، ئەوەش بەتۆمەتی گەورەترین خیانەت کە سیخوڕیکردنە بۆ دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل (مۆساد).


ئاژانسی میزان-ی سەر بەدەسەڵاتی دادوەریی ئێران بڵاویکردەوە، مه‌هدی فەرید کە پێشتر لەڕێکخراوێکی هەستیاردا پۆستی هەبوە، تۆمەتبارکراوە بەقۆستنەوەی دەسەڵاتەکانی بۆ کۆکردنەوەو گواستنەوەی زانیارییە سەرەکی‌و مەترسیدارەکان بۆ ئیسرائیل، زانیارییە دزەپێکراوەکانیش پێکهاتون لە: پێکهاتەی ڕێکخراوەیی دامەزراوە هەستیارەکان، نەخشەی بنکەکان، بارودۆخی ئەمنی‌و ناوی بەرپرسە باڵاکان.

لەکاتێکدا میدیای فەرمی تاران باس لەڕێکارە یاساییەکان دەکات، ڕێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ پەردە لەسەر لایەنە نادیارەکانی ئەم دۆسیەیە لادەبات.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی ئەم ڕێکخراوە، مه‌هدی فەرید لەحوزەیرانی 2024 دەستگیرکراوەو سەرەتا سزای 10 ساڵ زیندانیی بەسەردا سەپێنراوە، بەڵام دواتر لەلایەن دادگای شۆڕشەوە سزاکەی گۆڕدراوە بۆ سێدارەو بەیانی ئه‌مڕۆ چوارشەممە بەشێوەیەکی نهێنی لەشوێنێکی نادیاردا جێبەجێکراوە، بێئەوەی پێشتر هەواڵی دەستگیرکردنەکەشی ڕابگەیەندرێت.

ئەم سێدارەدانە تەنها 24 کاتژمێر دوای لەسێدارەدانی سەرکردەیەکی تۆڕێکی سەر بەمۆسادو 48 کاتژمێر دوای سێدارەدانی دوو کەسی دیكه‌ بەهەمان تۆمەت دێت.

به‌گوێره‌ى ئامارە جیهانییەکان، دۆخی مافەکانی مرۆڤ لەئێران گەیشتوەتە قۆناغێکی مەترسیدار؛ بەجۆرێک لەساڵی 2025دا لانی کەم 1639 حوکمی سێدارە جێبەجێکراوە، ئەم ژمارەیە بەرزترین ئاستە لەدوای ساڵی 1989وە تۆمارکرابێت کە بەراورد بەساڵی 2024 بەڕێژەی 68٪ زیادیکردوە.

بەپەلە