کەنەکە لەساڵیادی ڕۆژنامەگەریی کوردیدا: میدیاکاران پارێزەری ناسنامەی نەتەوەیین

کوردستان

6 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 76 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:

کۆمیتەی ڕاگەیاندنی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (كه‌نه‌كه‌)، بەبۆنەی 128مین ساڵیادی دەرچونی یەکەم ڕۆژنامەی کوردی، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی سەرجەم ڕۆژنامەنوسان‌و میدیاکارانی کوردستان کردو تیشکیخستەسەر ڕۆڵی چارەنوسسازی میدیا لەقۆناغی ئێستای ناوچەکەدا.


لەپەیامەکەدا هاتوە، 22ی نیسانی 1898 کە یەکەم ژمارەی ڕۆژنامەی (کوردستان) بەهەوڵی میقداد مەدحەد بەدرخان لەقاهیرە دەرچوو، وەک "چرایەکی هەمیشە پرشنگدار" لەمێژوی کورددا دەمێنێتەوە، کەنەکە جەختدەکاتەوە، ڕۆژنامەگەری تەنها پیشە نییە، بەڵکو ئەرکێکی نەتەوەیی‌و نیشتمانیی قورسە کە لەسەدەی نۆزدەوە وەک دەسەڵاتی چوارەم شانبەشانی دەسەڵاتەکانی دیکە ڕای گشتیی ئاڕاستە دەکات.

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان ئاماژە بەوەدەکات، "گرنگیی میدیا بۆ گەلی کورد چەندینجار زیاترە لەگەلانی دیكه‌، چونکە نیشتمانەکەمان لەژێر هەڕەشەی بەردەوامی تواندنەوەو کۆمەڵکوژیدایە".

ئه‌وه‌ش هاتوه‌، "لەقۆناغێکدا کە ناوچەکە لەناو قەیران‌و شەڕێکی بەرفراواندایە، ئەرکی ڕۆژنامەنوسی کورد قورستر بوە، لەلایەک هەڵماڵینی پەردە لەسەر ڕاستییەکان‌و لەلایەکی دیکەشەوە خەبات بۆ یەکڕیزیی نەتەوەیی".

لەبەشێکی دیكه‌ى پەیامەکەدا، کەنەکە سەری ڕێز بۆ ئەو ڕۆژنامەنوسانە دادەنەوێنێت کە لەپێناو گەیاندنی ڕاستی لەشارو شاخ‌و کۆڵانەکانی کوردستان شەهیدکران.

هەروەها سڵاوی بۆ ئەو ڕۆژنامەنوسە "جەربەزانە" ناردوه‌ کە لەسوچی زیندانەکاندا چۆکیاندانەداو بەرگرییان لەبەهاکانی ئازادیی ڕادەربڕین کرد.

کۆمیتەی ڕاگەیاندنی کەنەکە لەکۆتایی ڕاپۆرتەکەیدا جه‌ختده‌كاته‌وه‌، هەمیشە پشت‌و پەنای دەنگ‌و ڕەنگی میدیای ڕاستگۆو نیشتمانی دەبن‌و داوادەکات، میدیاکاران بەردەوامبن لەکارە پیشەییەکانیان بۆ خزمەتکردنی داوا ڕەواکانی گەلی کورد.

بەپەلە