شارەزایەکی ئابووریی: هیوادارین ئەمریکا ئەم بڕیارە مەترسیدارە دژی عێراق نەدات

عیراق

5 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 501 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارەزایەکی ئابووریی ڕایدەگەیەنێت، لە بڕیاری نەناردنی دۆلار بۆ عێراق مەترسیدارتر، بڕیاری ڕاگرتنی حەواڵەیە کە ئەگەر ئەمریکا دژی عێراق بیدات کارەسات دەنێتەوە.

زیاد هاشمی، شارەزای کاروباری ئابووریی لە نوسینێکدا دەڵێت "ڕاگرتنی ناردنی دۆلار بۆ عێراق ڕەنگە بە ڕێگەی خۆی مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، هەرچەندە بریارێکی مەترسیدارە بۆ عێراق، بەڵام مەترسیدارتر ئەو کاتە دەبێت کە واشنتۆن فشارەکان زیاد بکات و سیستەمی حەواڵەی عێراقی بە تەواوی ڕابگرێت، ئەو کاتە حکومەتی عێراق لەبەردەم قەیرانێکی دارایی گەورەدا دەبێت کە تێپەڕاندنی لێکەوتەکانی زۆر ئەستەمە و ماوەیەکی زۆری دەوێت تا چارەسەر دەبێت، هەرچەندە چارەسەرەکەشی ئەستەمە".

بەوتەی ئەو شارەزایە "ڕاگرتنی ناردنی دۆلار فشار بۆ سەر بانکی ناوەندی دروست دەکات و ڕەنگە ناچاری بکات پەنا بۆ بژاردەی دیکەی سەخت ببات بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ کەمیی دۆلاری کاش، کە گرنگترینیان بەکارهێنانی ئەو یەدەگە دۆلارە کاشەیە کە هەیەتی بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی گەشتکردن، چارەسەری پزیشکی و خوێندن".

هاشمی ئەوەشی خستووەتەڕوو: “ئەم چارەسەرە بە خێرایی ئەو بڕە دۆلارە کاشەی لای بانکی ناوەندیی کۆکراوەتەوە بەفیڕۆ دەدات، ڕەنگە دواتر کارەکان بگەنە ئەوەی بۆ گەشتیاران و نەخۆشەکان دراوی دیکە لەبری دۆلار دابین بکرێت، ئەمەش وادەکات ئەو توێژانە لە بازاڕی ڕەش بەدوای دۆلاردا بگەڕێن، کە داواکارییەکی زیاتر دروست دەکات و دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بۆ ئاستێکی زۆر بەرز".