شارپرێس:
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی پێگەی "پۆلیتیکۆ"، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ هەوڵدەدات لیستێک بەناوی وڵاتە "سەرپێچیکارو پابەندەکان" لەناو هاوپەیمانی ناتۆدا پێکبهێنێت، ئەمەش وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر ئەو وڵاتانەی کە لەجەنگی دژی ئێراندا پشتیوانی ئەمریکایان نەکردوە.
ئەم پلانە کە لەلایەن بەرپرسانی کۆشکی سپییەوە ئامادەکراوە، وڵاتانی ناتۆ بهگوێرهى ئاستی بەشداریکردنیان لەئەجێنداکانی ئەمریکا پۆلێندەکات.
ئامانجی سەرەکیی ترەمپ ئەوەیە کە سزای ئەو هاوپەیمانانە بدات کە پابەندی داواکارییەکانی نەبون، بەتایبەت سەبارەت بەکردنەوەی گەروی هورمز یان پێدانی مۆڵەتی بەکارهێنانی بنکە سەربازییەکان.
وەزیری بەرگریی ئەمریکا پێشتر باسی لەچەمکی "هاوپەیمانی نمونەیی" کردبوو، کە ئەو وڵاتانە دەگرێتەوە کە خەرجی بەرگرییان بۆ پێنج لەسەدی بەرهەمی ناوخۆیی بەرزکردوهتەوە.
وڵاتانی وەک پۆڵەنداو وڵاتانی بەڵتیک بە"هاوپەیمانی دڵسۆز" دەناسرێنو لەبەرامبەردا وڵاتانی وەک فەرەنسا، بەریتانیاو ئیسپانیا بەهۆی ڕەتکردنەوەی داواکارییەکانی ئەمریکا لەکاتی جەنگی ئێران، ڕەنگە ڕوبەڕوی کەمکردنەوەی هاریکارییە سەربازییەکان، ڕاهێنانی هاوبەشو فرۆشتنی چەک ببنەوە.
هەرچەندە دیپلۆماتکارە ئەوروپییەکان گومانیان لەتوانای جێبەجێکردنی ئەم پلانە هەیەو پێیانوایە، جوڵاندنی هێزەکان زیاتر زیان بەخودی ئەمریکا دەگەیەنێت نەک هاوپەیمانەکانی، بەڵام ئەم هەنگاوە بۆتە مایەی نیگەرانیو گرژیی زیاتر لەناو ناتۆدا.
کۆشکی سپی هێشتا بەفەرمی وردەکاریی سزاکانی ئاشکرانەکردوە، بەڵام جەختدەکاتەوە کە ئەمریکا ئەم هەڵوێستانەی هاوپەیمانانی لەبیرناکات.
چاودێران پێیانوایە، ئەم دۆخە مەترسیی دروستکردنی بەرەیەکی نوێی ناکۆکیی لەنێوان ئەمریکاو ئەوروپادا بەدوای خۆیدا دەهێنێت.
