دیاریکردنی دانا ئەحمەد مەجید وەک رێکخەری گشتی گۆڕان هەڵوەشایەوە

کوردستان

5 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 3790 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دەستەی دادوەری هەڵبژاردنەکانی سەر بە ئەنجومەنی باڵای دادوەری، دیاریکردنی دانا ئەحمەد مەجید وەک رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕانی هەڵوەشاندەوە.


دەستەی دادوەری هەڵبژاردنەکانی عێراق لەنوسراوێکی فەرمیدا ئاماژەی بەوەکردوە،" لەسەر سکاڵای یاسین حەمەعەلی، رێپێدراوی بزوتنەوەی گۆڕان (گردی زەرگەتە)، بڕیاردرا بە هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری ئەنجومەنی کۆمیسیاران کە تایبەتە بە دیاریکردنی (دانا ئەحمەد مەجید) وەک رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان ".

لەبارەی هۆکاری هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکە، دەستەی دادوەری هەڵبژاردنەکان دەڵێت،" فەرمانگەی حزب و رێکخستنە سیاسییەکان لە ساڵی 2024ی دانا ئەحمەد مەجیدی وەک ئەندامی بزوتنەوەی گۆڕان قبوڵکردوەو ئەنجومەنی کۆمیسیارانیش بڕیارەکەی پەسەندکردوە، لەکاتێکدا ناوبراو پشتبەست بە بریکارنامەیەکی (نەوشیروان مستەفا ئەمین) بوەتە ئەندامی حزبەکە، کە لە 19ی 5ى 2017وە کۆچی دوایی کردوە ".

ئەوەشیخستەڕوو،" بەپێی ماددەی 946ی یاسای شارستانی ژمارە 40ی ساڵی 1951، ئەو بریکارنامەیە دوای کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا بە پوچەڵ هەژمارێک دەکرێت و کاری پێناکرێت ".

بۆ وەرگرتنی زانیاری زیاتر لەسەر ئەو پرسە، شارپرێس چەندینجار پەیوەندی بە وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕانەوە کرد، بەڵام ناوبراو وەڵامی پەیوەندییەکانی نەدایەوە.