شارپرێس:
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی شیکاریی ڕۆژنامەی "فزگلیاد"ی ڕووسیی، ململانێی نێوان فەڕەنسا و ڕووسیا لە ئەفریقا چۆتە قۆناغێکی نوێوە و پاریس لە ڕێگەی هێزە ئۆکراینییەکان و لایەنی دیکەوە هەوڵی تۆڵەسەندنەوە لە رووسەکان دەدات.
رۆژنامەکە دەڵێت: بە فەرمی پشتڕاستکراوەتەوە کە یەکەکانی "فەیلەقی ئەفریقا" سەر بە سوپای ڕووسیا شاری کیدالیان لە مالی بەجێهێشتووە، هەرچەندە فەیلەقەکە دەڵێت ئەرکەکانیان بەردەوامە بەڵام دۆخەکە بە ئاڵۆز وەسف دەکرێت.
دەشڵێت: میدیاکانی ئۆکراینا بە شانازییەوە باس لە شکستپێهێنانی ڕووسەکان دەکەن، بەڵام راپۆرتەکە پێیوایە ئەم خۆشییە پێشوەختەیە.
ئەوەش هاتووە: ئێستا هێزەکانی ڕووسیا بۆ پاراستن و کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە تێدەکۆشن، لە کاتێکدا هێزە ئەمنییە ناوخۆییەکانی مالی تووشی شڵەژان بوون و کێشەی جددییان لە فەرماندەییکردندا هەیە، تەنانەت هەندێک ڕاپۆرت باس لە ڕاکردنیان لە بەرەکانی جەنگ دەکەن، کە ئەمەش هاوشێوەی دۆخی سووریایە لە پێش 1.5ساڵ لەمەوبەر.
هەروەک دەڵێت: لە سەرەتای شوباتی 2026، هەواڵگریی دەرەوەی ڕووسیا ئاماژەی بەوە کردبوو کە ئیدارەی ماکرۆن بە شێوەیەکی شێلگیرانە کار بۆ کودەتا و تۆڵەی سیاسی لە ئەفریقا دەکات، هەروەک ئەوەی جێی سەرنجە تەنیا هاوپەیمانی نێوان ئیسلامییەکان و جوداخوازەکان نییە، بەڵکو بەشداریی ڕاستەوخۆی شارەزایانی ئۆکراینییە لە دژی ڕووسیا لە مالی و وڵاتانی دیکە.
ڕۆژنامەکە دەڵێت ڕۆژئاوا لە ڕێگەی ئۆکرایناوە جەنگێکی بەوەکالەت لە ئەفریقا دژی ڕووسیا دەستپێکردووە، بەشێوەیەک ئەمە تەنیا جەنگێک بۆ کیشوەرەکە نییە، بەڵکو بەشێکە لە "جەنگێکی دووڕەگی" جیهانی.
لەکۆتاییدا دەڵێت: سیناریۆی سووریا لە مالی تەنیا دواخراوە و فەڕەنسا هەوڵ دەدات بازنەی هێرشەکانی بۆ سەر بورکینافاسۆ، نەیجەر و کۆماری ئەفریقای ناوەڕاستیش فراوان بکات.