ئەمریکا بەخێرایی هەزاران تۆن بۆمب و تەقەمەنی دەگەیەنێتە ئیسرائیل.. ئایا ئیسرائیل دژ بەئێران دەست بەجوڵە دەکاتەوە؟

جیهان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 220 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وەزارەتی بەرگری ئیسرائیل دوێنێ پێنجشەممە رایگەیاند کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا 6500 تۆن تەقەمەنیی و کەرەستەی سەربازیی لە ماوەی کەمتر لە 24 کاتژمێردا بۆ ئیسرائیل ناردووە. 

 
ئەم هاوکارییانە لە ڕێگەی دوو کەشتیی گەورە و چەندین فڕۆکەی بارهەڵگرەوە گەیشتوون، بەمەش کۆی گشتیی ئەو کەرەستە سەربازییانەی کە لە دوای دەستپێکردنی جەنگ لەگەڵ ئێران لە 28ی شوباتەوە ئیسرائیل پێی گەیشتووە، گەیشتە زیاتر لە 115600 تۆن، کە لە ڕێگەی 403 گەشتی ئاسمانیی و 10 باری دەریاییەوە بووە.

هاوکات یسرائیل کاتس، وەزیری بەرگری ئیسرائیل، ئاماژەی بەوە کرد کە ڕەنگە وڵاتەکەی ناچار بێت جارێکی دیکە دژی ئێران بجوڵێتەوە بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایشی داهاتوو. کاتس وتیشی کە دۆناڵد ترەمپ بە هەماهەنگی لەگەڵ بنیامین نەتانیاهۆ سەرکردایەتیی هەوڵەکان دەکات بۆ ڕێگریکردن لەوەی ئێران ببێتە هەڕەشە بۆ سەر ئیسرائیل و جیهان.

لە لایەکی دیکەوە، سەرەڕای ئاگربەست لە لوبنان، ئیسرائیل هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر گوندەکانی باشوور فراوانتر کردووە، لە بەرامبەردا حیزبوڵا بە مووشەک و درۆن هێرش دەکاتە سەر هێزەکانی ئیسرائیل.

 ماڵپەڕی ئەکسیۆس بڵاویکردەوە کە نەتانیاهۆ بە ترەمپی ڕاگەیاندووە کە ناچارە وەڵامەکانی بۆ سەر حیزبوڵا توندتر بکاتەوە، بەڵام ترەمپ جەختی کردۆتەوە کە دەبێت ئۆپەراسیۆنەکان بە وردی بن و رێگریی لە هەڵگیرسانی جەنگێکی سەرتاسەریی بکرێت.

بەپەلە