پلانێكی ناوخۆیی بۆ لەكارلادانی عێراقچی ئاشكرادەكرێت

جیهان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 409 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەرچاوەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران ئاشکرایان کردووە کە مەسعوود پزیشکیان، سەرۆک کۆمارو محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەڕلەمان، دەیانەوێت دژی عەباس عێراقچی کودەتا بکەن و لەپۆستەکەی دووری بخەنەوە، ئەویش بەهۆی ئەوەی عێراقچی لە جێبەجێکردنی سیاسەتەکانی حکومەت لایداوە و زیاتر وەک یاریدەدەری ئەحمەد وەحیدی، فەرماندەی سوپای پاسداران، دەردەکەوێت.

ئەو سەرچاوانە باسیان لەوەکردووە کە پزیشکیان و قالیباف لە شێوازی بەڕێوەبردنی دیپلۆماسی و دانوستانە ئەتۆمییەکان ناڕازین و داوای دوورخستنەوەی عێراقچی دەکەن.

بەپێی ڕاپۆرتەکان، عێراقچی لە چەند هەفتەی ڕابردوودا بەبێ ئاگاداریی سەرۆک کۆمار و بە هەماهەنگیی تەواو لەگەڵ وەحیدی کاری کردووە، ئەمەش پزیشکیانی تووڕە کردووە و هەڕەشەی لابردنی کردووە.

 لە لایەکی دیکەوە، پزیشکیان باسی لەوە کردووە کە گەیشتووەتە بنبەستێکی سیاسیی و تەنانەت دەسەڵاتی گۆڕینی بەرپرسە کوژراوەکانی شەڕیشی نەماوە، چونکە وەحیدی پێیوایە بەهۆی دۆخی شەڕەوە دەبێت سوپای پاسداران هەموو پۆستە هەستیارەکان بەڕێوە ببات.

لەم نێوەندەدا، 261 پەرلەمانتار پشتگیری خۆیان بۆ تیمی دانوستانکار بە سەرۆکایەتی قالیباف دەربڕیوە، هەرچەندە هەواڵی دەستلەکارکێشانەوەی قالیباف بەهۆی هۆشداری پێدانییەوە بڵاوبووەوە.

ئەوەش هاتووە: لە کۆتا گەشتی پاکستاندا، ناکۆکییەکی توند لە نێوان عێراقچی و محەمەد باقر زولقەدر دروستبووە؛ چونکە عێراقچی نەرمیی نواندووە سەبارەت بە کەمکردنەوەی پاڵپشتی دارایی بۆ گرووپە نەیارەکان وەک حیزبوڵڵا، ئەمەش بووەتە هۆی پەککەوتنی دانوستانەکان و گەڕانەوەی بەپەلەی شاندەکە بۆ تاران لە شەوی 11 نیساندا.


بەپەلە