نامەیەکی کراوە بۆ هەرسەرۆکێک کە خۆی بەخەمخۆری هەرێمی کوردستان دەزانێت

کوردستان

7 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 525 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەنتەری میترۆ لەبەیاننامەیەكدا بەناونیشانی(نامەیەكی كراوە بۆ هەر سەرۆكێك كە خۆی بەخەمخۆری هەرێمی كوردستان دەزانێت) دەڵێت، مانگرتنەكەی شێروان شێروانی لەبەندیخانە، زمانێكی تر شێوازێكی تری ناڕەزاییە لەبەرامبەر حوكمێك كە بەسەركۆنەكردن و بێزاری پێشوازی لێكرا.


سەنتەری میترۆ لەبەیاننامەكەیدا، ڕایگەیاند،" مانگرتنەكەی شێروان شێروانی لەبەندیخانە، زمانێكی تر شێوازێكی تری ناڕەزاییە لەبەرامبەر حوكمێك كە بەسەركۆنەكردن و بێزاری پێشوازی لێكرا، ناڕەزایی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، ئێستاش سەرلەنوێ دەمانگەڕێنێتەوە بۆ سەرەتای حوكمی دادگا، بێزاری و ناڕەزایی بەرامبەر بڕیاری حوكمدان و ئینجا بارودۆخی ژیانی لەبەندیخانە".

لەدرێژەی بەیاننامەكەدا هاتوە، شێروان شێروانی و قارەمانی شوكری، ئازاد بكەن، مانەوەیان لەزیندان هەموو رۆژێك، پرسیار دەخاتە سەر ئەزمونە سیاسییەكەی هەرێم، هەڵسووكەوتی ئەم سیستەمە لەگەڵ جیاوازی و ئازادی بیڕوای سیاسی، لەگەڵ رۆژنامەنوسان و ئازادی كاركردنیان.

سەنتەری میترۆ دەشڵێت،" پێمان مەڵێن شێروان كەیسی بیروڕا نییە، رۆژنامەنووس نییە، لەیەكەمین رۆژەوە وەڵاممان هەبووە، باوەڕ بەم چیرۆكە ناكەین، ئێستاش تا رۆژگار تێپەڕێت هاودەنگی و هاوسۆزی بۆ شێروان شێروانی زیاتر دەبێت، تووڕەیی و بێژاریش لەناوەوە و دەرەوە زیاتر دەبن، ئازادی بكەن".

ئەوەش دوپاتدەكەنەوە، كە ئەمڕۆ كوردستان لەهەموو رۆژێك زیاتر پێویستی بەگرنگیدانە بەدۆسییەی مافی مرۆڤ و دەڵێتن" باشكردنی ژینگەی ئازادی رۆژنامەگەری و، وەك بەرپرسیاریەتییەكی نیشتمانیی تەماشا بكرێت. ئەم ئەركە پێویستی بە ئیرادەیەكی سیاسی ڕاستەقینە هەیە بە ئامانجی تەماشاكردنی دامەزراوە و كارمەندانی بواری میدیا و رەخنەگران وەك هاوبەش نەك دوژمن، ئەمەش هەندێك لەو بۆچوونانە كاڵدەكاتەوە كە ساڵانێكە رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان رەخنەی لێدەگرن و بوونەتە هۆی ناشرینكردنی ناوبانگی هەرێمی كوردستان".

ئەوەش دوپاتدەكەنەوە، كە لەهەموو دیدارێكی رەسمی سەنتەری میترۆ لەگەڵ بەرساندا، جەختمان كردۆتەوە كە دەستبەسەركردنی ئارەزومەندانە، دادگاییكردنی نادادپەروەرانە و سەركوتكردنی ناڕەزایەتییەكان، دونیا لە هەرێمی كوردستان دەتورێنێت.


ئەوەش ئاڕاستەی بەرپرسان دەكەن كە ئەمڕۆ شیروان و قارەمان ئازاد بكەن، باشترە لەسبەی.