شارپرێس:
وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، قومارەکەی ناتانیاهۆ تاوەکو ئێستا زیاتر لە 100 ملیار دۆلاری ڕاستەوخۆی لەئەمریکا بردوە.
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لەڕێگەی هەژماری تایبەتیی خۆیەوە لەتۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، هێرشی توندی کردە سەر ئامارەکانی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن) سەبارەت بەتێچوەکانی جەنگ لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد کە ئەو زانیارییانەی پێنتاگۆن لەبارەی خەرجییەکان بڵاویان دەکاتەوە ناڕاستن و قەبارەی زیانە داراییەکانی ئەمریکا زۆر لەوە گەورەترە کە بەفەرمی ڕادەگەیەنرێت.
وەزیری دەرەوەی ئێران دەشڵێت،"قومارەکەی ناتانیاهۆ تاوەکو ئێستا زیاتر لە 100 ملیار دۆلاری ڕاستەوخۆی لەئەمریکا بردوە، ئەمەش چوار هێندەی ئەو ژمارەیەیە کە بەفەرمی ڕاگەیەنراوە".
بەوتەی وەزیری دەرەوەی ئێران، تێچوە ناڕاستەوخۆکانی ئەم جەنگە بۆ سەرشانی باجدەرانی ئەمریکی زۆر قورسەو ئاشکرای کردوە کە لەئێستادا پشکی مانگانەی هەر خێزانێکی ئەمریکی لەو تێچوە سەربازییانە گەیشتوەتە 500 دۆلار، و پێشبینیش دەکرێت ئەم ڕێژەیە بەخێراییەکی زیاتر لەداهاتودا بەرز ببێتەوە.