شارپرێس:
سەرۆکی ئەمریکا، پشتیوانی دواین پێشنیازی تارانی ڕەتکردەوەو ڕایگەیاند، بەهیچ شێوەیەک لەدوایین پێشنیازی ئێران ڕازی نییە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا، ڕایگەیاند، لەڕێگەی تەلەفۆنەوە دانوستان لەگەڵ تاران دەکەین"، بەڵام ڕاشیگەیاند کە "بەهیچ شێوەیەک لەدوایین پێشنیازی ئێران ڕازی نییە".
ترەمپ ڕەخنەی توندی لەشێوازی بڕیاردانی تاران گرت و وتی،"سەرکردایەتی ئێران توشی سەرلێشێوان و پەککەوتن بون؛ ئەوان لە ناو خۆیاندا دابەشبون و ڕێک نین، هەندێک لەسەرکردەکانیان شتێک دەڵێن و هەندێکی تریان شتێکی تەواو جیاواز، ئەوان نازانن چی دەوێت".
هاوكات، ترەمپ پشتیوانی خۆی بۆ گۆڕانکارییە سیاسییەکانی عێراق دەربڕی و وتی،"من بەتوندی پشتیوانی لەسەرۆک وەزیرانی ڕاسپێردراوی عێراق دەکەم".
ترەمپ ئاشکرایکرد، ڕۆژی پێنجشەممە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەگەڵ عەلی زەیدی ئەنجامداوە، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ ڕەزامەندیی واشنتۆن لەسەر کاندیدکردنی زەیدی بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەکانی عێراق دەبینرێت.
ترەمپ جەنگی بازرگانی لەگەڵ ئەوروپا توندتر کردەوە و ڕایگەیاند،"من باجی گومرگیم لەسەر ئۆتۆمبێل و بارهەڵگرەکانی یەکێتی ئەوروپا بەرز کردەوە، چونکە ئەوان پابەندی ڕێککەوتنەکانی نێوانمان نەبون".
سەرۆکی ئەمریکا ناڕەزایەتیی قوڵی خۆی بەرانبەر بە هەندێک لەهاوپەیمانەکانی ئەمریکا دەربڕی و بەڕاشکاوی وتی،"من لەهەڵوێستەکانی ئیسپانیا و ئیتاڵیا ڕازی نیم".
ئەمە لەكاتێكدایە، ئێران لەڕێگەی نێوەندگیرەكانەوە ئامادەیی نیشانداوە هێرشەکانی لەتەنگەی هورمز ڕابگرێ، لەبەرامبەردا ئەمریکا کۆتایی بەشەڕەکە بهێنێت و گەمارۆ دەریاییەکەی سەر بەندەرەکانی ئێران هەڵبگرێ و دانوستاندنە ئەتۆمییەکانیش بۆ کاتێکی دیکە دوابخرێن