شارپرێس:
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا هۆشدارییەكی بەپەلەی ئاڕاستەی كۆمپانیاكانی گواستنەوەی دەریایی و دامەزراوە داراییەكان كردو ڕایگەیاند، تێپەڕبونی هەلا كەشتییەكی ئێران پێشێلكاری ڕاستەوخۆی سزاكانە، هاوكات وەزارەتی دەرەوەو دارايى ئەمریكاش چەند بانكێكی ئێرانی و لایەنێكی نێودەوڵەتی سزادا.
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا (OFAC) هۆشدارییەکی بەپەلەی ئاراستەی کۆمپانیاکانی گواستنەوەی دەریایی و دامەزراوە داراییەکان کرد، سەبارەت بەهەوڵەکانی ئێران بۆ وەرگرتنی سەرانەو تێپەڕبونی کەشتییەکان لەگەروی هورمز، جەختیش دەکاتەوە کە ئەم کارە پێشێلکردنی ڕاستەوخۆی سزاکانە.
بەپێی ئاگادارییەکی فەرمی (OFAC) کە لە 1ـی ئایاری 2026 دەرچوە، حکومەتی ئێران داوای پارەی سەرانە لەکەشتییە بازرگانییەکان دەکات لەبەرانبەر رێگەدان بە تێپەڕبوونی ئارام لە تەنگەی نێودەوڵەتی هورمز. ئێران چەندین رێگەی بۆ وەرگرتنی ئەم پارانە دیاری کردوە، لەوانە: دراوی کاش، دراوی دیجیتاڵی، ئاڵوگۆڕی کاڵا.
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا ڕایگەیاندوە، ئەنجامدانی هەر مامەڵەیەکی لەو شێوەیە لەگەڵ حکومەتی ئێران یان سوپای پاسداران (IRGC) قەدەغەیە. بۆ کەسانی ئەمریکی، ئەمە پێشێلکارییەکی راستەوخۆیە، و بۆ کەسانی بیانی و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانیش، مەترسی "سزای لاوەکی" لەسەرە، کە دەبێتە هۆی بڕینی پێراگەیشتنیان بە سیستەمی دارایی ئەمریکا. هەروەها ئاماژە بەوە کراوە کە کەرتی نەوت و پێترۆکیمیایی ئێران بە ئامانجی سەرەکی ئەم سزایانە دەمێننەوە.
هاوكات، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، زنجیرەیەک سزای توندی بەسەر چەندین لایەنی نێودەوڵەتیدا سەپاندوە کە تێوەگلاون لەبازرگانی نایاسایی نەوتی ئێران، بەئامانجی بڕینی سەرچاوە داراییەکانی تاران بۆ پشتگیریکردنی تیرۆرو تێکدانی سەقامگیری ناوچەکە.
تۆمی پیگۆت، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەڕاگەیەندراوێکدا، ئاشکرایکرد کۆمپانیای چینی "Qingdao Haiye Oil Terminal" خراوەتە لیستی سزاکانەوە. ئەم کۆمپانیایە تۆمەتبارە بەوەی لەدوای دەرچونی فەرمانی سەرۆکایەتی ژمارە 2، دەیان ملیۆن بەرمیل نەوتی ئێرانی هاوردە کردوەو لەڕێگەی گواستنەوەی نایاسایی نەوت لە کەشتییەکەوە بۆ کەشتییەکی دیکە، ملیاران دۆلاری بۆ تاران دابین کردوە.
هەروەها، لەگەڵ ئەم هەنگاوە، وەزارەتی دارایی ئەمریکا سزای بەسەر سێ نوسینگەی ئاڵوگۆڕی دراوی ئێرانی و چەندین کۆمپانیاو کەسایەتی پەیوەندیداردا سەپاندوە.
