ئایا چونی پەرلەمانتاران بۆ حەج پێکهێنانی حکومەت دوادەخات؟

عیراق

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 78 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دوای ئەوەی لەتۆڕەکۆمەڵایەتییەکان دەنگۆی پەکخستنی دانیشتنەکانی پەرلەمان و دواخستنی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت بڵاوبوەوە، پەرلەمانی عێراق ڕونکردنەوە دەدات و ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە.


فەرمانگەی میدیای سەر بە پەرلەمانی عێراق لەڕونکردنەوەیەکدا ئاماژەی بەوەکرد،" هەموو ئەو دەنگۆیانەی باس لە چونی ژمارەیەکی زۆری پەرلەمانتاران بۆ ئەنجامدانی فەریزەی حەج دەکەن، دورن لە راستییەوە، ئەوەی هەیە تەنها 29 پەرلەمانتار دەچنە حەج، ئەوانیش بەشێکیان ئەندامی لیژنەی ئەوقافی پەرلەمانن و بۆ ئەرکی فەرمی خۆیان و بەمەبەستی بەدواداچون بۆ کاروباری حاجییانی عێراقی دەچنە حەج ".

ئەوەشیخستەڕوو،" بەشێکی دیکەی ئەو پەرلەمانتارانەی ئەمساڵ فەریزەی حەج جێبەجێ دەکەن، بەفەرمی مەرجەکانیان تێدایە و پێش ئەوەی ببن بە ئەندامی پەرلەمان، ناویان بۆ ئەنجامدانی فەریزەی حەج هاتوەتەوە ".