شارپرێس:
تاران زمانی هەڕەشەکانی بەرامبەر واشنتۆنو
تەلئەبیب گەیاندە لوتکە، وتەبێژی سوپای ئێران ڕایگەیاند، هەر دەستدرێژییەکی نوێ، جەنگەکە
دەباتە قۆناغێکی مەترسیدارو بەرەی نوێی سەربازییان لێدەکرێتەوە.
عەمید محەمەد ئەکرەمی نیا وتەبێژی سوپای ئێران
هۆشداریدا کە وڵاتەکەی نە دەبەزێنرێتو نە گەمارۆ دەدرێت، دهشڵێت، "ئەگەر
دوژمن جارێکی دیكه بکەوێتە داوی ئیسرائیلو هێرشبکات، سوپای ئێران بەئامرازو شێوازی
داهێنەرانە بەرەی نوێی جەنگ لەدژیان دەکاتەوە".
ئاماژەی بەوەشکرد، "گردبونەوەى شەوانی
خەڵک لەشارەکاندا، ورەی هێزە چەکدارەکانی بەرزکردوەتەوەو پلانی دوژمنانی پوچەڵکردوەتەوە".
ئهمهش لهكاتێكدایه، ئیبراهیم ڕەزایی وتەبێژی
لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی لەپەرلەمانی ئێران، پەیامێکی ڕاستەوخۆی ئاڕاستەی ئەمریکا
کردو وتى، "دەبێت ئەمریکییەکان تەسلیمی دیپلۆماسیو مەرجەکانی ئێران ببن، یان
تەسلیمی هێزی موشەکەکانمان بن".
ئەم هەڕەشانە دوای ئەوەدێن، دۆناڵد ترەمپ ڕایگهیاند،
هێرشێکی سەربازیی بۆسەر ئێران ڕاگرتوە، ترەمپ دەڵێت، "لەسەر داوای سەرکردەکانی
(سعودیە، قەتەرو ئیمارات) هێرشەکەی ڕاگرتوە بۆ دەرفەتدان بەدانوستان".
لەهەمانکاتدا، ترەمپ فەرمانیداوە هێزەکانی ئەمریکا
لەهەر چرکەیەکدا ئامادەی هێرشێکی گشتگیربن ئەگەر نەگەنە ڕێککەوتنێکی پەسەندکراو.
چاودێران پێیانوایه، ئێران بەتوندی وەڵامی
دیپلۆماسییەتی هەڕەشەی ترەمپ دەداتەوەو دەیەوێت بیسەلمێنێت کە ئامادەیە بۆ هەموو سیناریۆیەکی
سەربازییو چیتر تەنها لەیەک بەرەوە شەڕناکات.
