بانکی ناوەندی له‌باره‌ى به‌هاى دینارو موچه‌ى فه‌رمانبه‌رانه‌وه‌ هه‌واڵێكى دڵخۆشكه‌ر ڕاده‌گه‌یه‌نێت

عیراق

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1287 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

پارێزگاری بانکی ناوەندی له‌باره‌ى موچەخۆران‌و بازاڕه‌وه‌ په‌یامێكى دڵنیایی بڵاوده‌كاته‌وه‌و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "بەهای دینار بەرامبەر دۆلار بەجێگیریی دەمێنێتەوە"، ده‌شڵێت، "تەنانەت لەکاتی سەختترین قەیرانە نێودەوڵەتییەکانیشدا، پلانی تۆکمەمان هەیە بۆ دابینکردنی نەختینەو گەرەنتیکردنی موچەی فەرمانبەران بەبێ دواکەوتن".


عەلی عەلاق پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق لەلێدوانێکی نوێدا هەموو ئەو دەنگۆیانەی ڕەتکردەوە کە باس لەدابەزاندنی بەهای دینار دەکەن، ئاشکراشیکرد، بانکەکە پلانی پێویستی بۆ ڕوبەڕوبونەوەی هەر قەیرانێکی ئەمنیی لەناوچەکەدا هەیە.

عەلاق جەختیکردەوە، "هیچ نیه‌تێکی حکومەت یان بانکی ناوەندیی نییە بۆ گۆڕینی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار، پابەندین بەهاوکاریکردنی حکومەت بۆ تێپەڕاندنی هەر قەیرانێکی ئەگەریى بۆ داخستنی یه‌كجاریى گەروی هورمز، ئەوەش لەڕێگەی دابینکردنی نەختینەو دڵنیاکردنەوەی موچەی فەرمانبەران".

سەبارەت بەپەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، پارێزگاری بانکی ناوەندی ئه‌وه‌شى وت، "لەچەند ڕۆژی داهاتودا وه‌فدێكى عێراق لەگەڵ بانکی فیدراڵی‌و وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا کۆدەبێته‌وه‌، هیچ جۆرە سزایەک لەسەر یەدەگی پارەی عێراق نییەو وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا ستایشی هەنگاوە چاکسازییەکانی بانکی ناوەندیی دەکات".

سه‌باره‌ت به‌دابینکردنی دۆلار-یش وتى، "بانکەکە بەردەوامە لەدابینکردنی دۆلار بەنرخی فەرمی بۆ سەرجەم بازرگانان‌و گەشتیاران‌و هیچ مه‌ترسیه‌ك له‌و ڕوه‌وه‌ له‌سه‌ر عێراق بونى نییه‌".

به‌وته‌ى عەلاق، "پڕۆسەی چاکسازیی بانکی گەیشتوەتە قۆناغێکی پێشکەوتوو، زۆربەی بانکەکان یان یەکیانگرتوە یان پاکتاوکراون، لەئێستاشدا تەنها یەک یان دوو بانک ماون کە توانای بەردەوامبونیان نییەو لەژێر چاودێریدان".

پەیامەکەی عەلاق ئاراستەی بازاڕو هاوڵاتیانە بۆ ڕێگریکردن لەشڵەژانی نرخەکان‌و ناردنی پەیامێکی دڵنیاییە کە سیستەمی دارایی عێراق لەبەردەم هەڕەشەکانی ناوچەکەدا پارێزراوە.

بەپەلە