باوكى ئه‌حمه‌د شه‌رع كێشه‌یه‌كى گه‌وره‌ بۆ كوڕه‌كه‌ى دروستده‌كات

جیهان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 4029 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئەحمەد شەرع سەرۆکی سوریا داوای لێبوردنی لەخەڵکی دێرەزور کرد لەبەر لێدوانەکانی باوکی، بەڵام تائێستا هیچ هەڵوێستێکی بەرامبەر سوکایەتییەکانی باوکی بۆ سەر گەلی کورد نیشان نەداوە کە پێشتر بە غەیرە سوری ناوی بردبون‌و داوای دەرکردنی کردبون.


شەرع لەپەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ پارێزگاری دێرەزورو ژمارەیەک لەکەسایەتییە دیارەکانی پارێزگاکە ڕایگەیاند، "خەڵکی دێرەزور پێگەیەکی گەورەیان لای هەموو سورییەکان هەیە، خەڵکی دێر خۆشەویست‌و پشتیوان‌و تاجی سەری ئێمەن، ئەو بێڕێزییەی کراوە پێش خەڵکی دێره‌زور، منیشى برینداركردوه‌، مێژوو و هەڵوێستە نیشتمانییەکانی ئێوه‌ شایەتییان بۆ دەدات".

سەرۆکی سوریا ڕونیکردەوە، ئەوەی ڕویداوە "ڕەنگە هەڵەیەک یان بڕینی بەشێک لەقسەکان بێت لەکاتی گفتوگۆکەدا، هەربۆیە بەناوی خۆم‌و باوكمه‌وه‌ داوای لێبوردن ده‌كه‌م".

لەبەرامبەردا، یەکێک لەدانیشتوانی پارێزگاکە داوای لەشەرع کردوه‌ سەردانی دێرەزور بکات، ئەویش ئاماژەی بەوەکردوه‌، لەگەڵ پارێزگار خەریکی ئامادەکارییە بۆ ئەوەی بەزوترینکات ئەو سەردانە ئەنجامبدات.

هەروەها شەرع باسی لەوەکردوه‌، کۆمەڵێک پڕۆژەی گەشەپێدان بۆ پارێزگاکە ئامادەکراون، لەوانە دروستکردنی نەخۆشخانە، پردو وەبەرهێنان بەمەبەستی بوژاندنەوەی ئابوریی‌و هیوای خواست دێرەزور ببێتە یەکێک لەگرنگترین ناوەندە ئابورییەکانی سوریا.

لەلایەکی دیكه‌وه‌، حوسێن شەرعى باوكى ئه‌حمه‌د شه‌رع لەڕونکردنەوەیەکدا لەفەیسبوک نوسیویه‌تى، لێدوانەکانی گۆڕانكاریى تێداكراوه‌، ئه‌گه‌رنا وه‌كو خۆى ده‌ڵێت، "مەبەستم جیاوازیی نێوان گوندو شار بوە بەهۆی سیاسه‌تە چەوتەکانی ڕابردوو، نەک بێڕێزیکردن بەخەڵکی دێرەزور".

داوای لێبوردنەکەی ئەحمەد شەرع‌و باوكیشى لەخەڵکی پارێزگایه‌كى سوریا (دێرەزور) لەکاتێکدایە کە ناوبراو تائێستا هەمان هەڵوێستی بەرامبەر گەلی کورد نیشان نەداوە، ئەمەش نیگەرانی‌و پرسیارێکی زۆری لای چاودێران دروستکردوە، چونكه‌ پێشتر حوسێن شەرع، باوکی سەرۆکی ئێستای سوریا، لەلێدوانێکی ڕەگەزپەرستانەدا هێرشێکی توندیکردبوەسەر کوردانی ڕۆژئاوای کوردستان‌و بەبیانی‌و غەیرە سوری ناوی بردبون.

ئەو بەئاشکرا داوای دەرکردنی کوردانی کردبوو لەسەر خاکەکەی خۆیان، کە ئەمە وەک سوکایەتییەکی گەورە بەمێژوو و ناسنامەی نەتەوەیی کورد لەناوچەکەدا بینرا، سەرەڕای ئەوەی لێدوانەکانی باوکی شەرع بەرامبەر بەکورد زۆر توندترو مەترسیدارتربون لەوەی دێرەزور، بەڵام ئەحمەد شەرع هیچ هەنگاوێکی بۆ ئاشتەوایی یان داوای لێبوردن لەکوردان نەناوە، ئەم بێدەنگییەی سەرۆکی نوێی سوریا لەئاست سوکایەتییەکانی باوکی بەکورد، وەک نیشانەیەک بۆ بەردەوامیی هەمان سیاسەتی پەراوێزخستن‌و نکوڵیکردن لەمافەکانی کورد لێکدەدرێتەوە.

چاودێرانى سیاسیى پێیانوایه‌، ئەم دوڕویه‌ى شەرع لەمامەڵەکردن لەگەڵ پێکهاتەکاندا، گوماندەخاتەسەر دروشمەکانی دەربارەی سوریایەکی نوێ بۆ هەموان‌و ئاشتییەکی گشتگیر لەوڵاتەکەدا.

لەگرته‌یه‌كى ڤیدیۆییدا كه‌ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، باوكى شه‌رع خەڵکی دێرەزوری بەخەڵکانێکی دڕندەو دواکەوتوو وەسفکردبوو کە وەک خۆی وتویه‌تى، "تێگەیشتن‌و ڕۆشنبیریی‌و شارستانییەتیان نییەو خه‌ڵكانێكى زۆر بڵێ‌و گوندنشین‌و مه‌ڕداره‌كانن".

بەپەلە