بەغدا بۆ جەنگ ئامادەیە.. سه‌رجه‌م هێزەکان به‌حه‌شدیشه‌وه‌ خرانه‌ ئاماده‌باشیه‌وه‌

عیراق

5 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 4660 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەغدا دەچێتە حاڵەتی ئامادەباشیی باڵاوه‌و فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق-یش بەئامادەبونی سەرجەم سەرکردە سەربازیی‌و هەواڵگرییەکان، نەخشەی ڕوبەڕوبونەوەی هەر ئەگەرو هەڕەشەیەکی کتوپڕ دادەڕێژێت‌و ڕایدەگەیەنێت، هێزەکان لەوپەڕی ئاماده‌ییدان بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ى هەر هەوڵێک کە بیەوێت ئاسایش‌و سەروەریی خاکەکەی بخاتە مەترسییەوە.


لەژێر چاودێریی ڕاستەوخۆی عەلی زەیدی سەرۆک وەزیران‌و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق کۆبونەوەیەکی ئەمنیی باڵاو فراوانی ئەنجامدا بۆ تاووتوێکردنی ئامادەباشی هێزەکان بەرامبەر هەر هەڕەشەیەکی کتوپڕو ئەگەرە چاوەڕوانکراوەکان.

کۆبونەوەکە بەئامادەبونی فەریق ڕوکن عەبدولئەمیر یارەڵڵا سوپاسالاری عێراق‌و فەریق ڕوکن قەیس محەمەداوی جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان‌و سەرکردە باڵاکانی وەزارەتی بەرگریی، ناوخۆ، حەشدی شەعبی‌و دەزگا هەواڵگرییەکان بەڕێوەچوو.

به‌گوێره‌ى ئه‌و زانیاریانه‌ى ئاشكراكراون، تەوەری سەرەکیی کۆبونەوەکە بریتیبوه‌ لەئامادەکردنی ستراتیژییەکی نوێ‌و پێشوەختە بۆ ڕوبەڕوبونەوەی هەر مەترسی‌و هەڕەشەیەکی ئەمنی لەم قۆناغە هەستیارەی ناوچەکەدا، هاوكات پێداچونەوە بەنەخشەی جێگیربونی یەکە سەربازییەکان لەسەر زەوی بۆ دڵنیابون لەپاراستنی سەقامگیریی هەموو ناوچەکان‌و پڕکردنەوەی هەر بۆشاییەکی ئەمنی‌و جەختیشكراوه‌ته‌وه‌ لەسەر بەرزکردنەوەی توانای بەرگریی‌و ئاماده‌باشى هێزەکان بۆ تێکشکاندنی هەر هەوڵێک کە ئامانجی تێکدانی ئاسایشی ناوخۆ بێت.

ئەو کۆبونەوەیەش لەکاتێکدایە، ناوچەکە ڕوبەڕوی ئاڵۆزیی گەورە بوەتەوە؛ بەغدا دەیەوێت لەڕێگەی ئەو جوڵە ئەمنییانەوە پەیامێکی ڕون بدات کە هەموو ڕێکارێکی پێویستی گرتوەتەبەر بۆ پاراستنی سەروەریی خاکەکەیی‌و بەرپەرچدانەوەی هەر جۆرە دەستدرێژییەک.

بەپەلە