ئه‌م منداڵه‌ ده‌ناسنه‌وه‌.. 12 ساڵ پێش ئێستا ده‌ركه‌وت‌و ئه‌مڕۆ بوه‌ باڵیۆز

جیهان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2089 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئەو منداڵەی 12 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر بەچاوی پڕ لەفرمێسک‌و دەنگێکی لەرزیوەوە هاواریکرد (هەموو شتێک بەخودا دەڵێم)، ئەمڕۆ وەک باڵیۆزی منداڵانی سوریا ده‌ركه‌وته‌وه‌، عەلی مستەفا سیمبولی ئازارێک کە گۆڕا بۆ ئیرادەیەکی پۆڵایین، لەناو پارچە تەقەمەنییەکانەوە گەیشتە سەکۆ نێودەوڵەتییەکان.


ساڵی 2014، لەکاتێکدا ئاسمانی شاری (حەما) بەدوکەڵی ڕەش‌و بۆنی باروت داپۆشرابوو، ڤیدیۆی منداڵێکی بچوک جیهانی هەژاند، ئەو منداڵە عەلی مستەفا محەمەد بوو، بەچاوی پڕ لەفرمێسک‌و ترسێکی واوە کە جەستە دەلەرزێنێت، ڕستەیەکی مێژویی وت، "هەموو شتێک بەخودا دەڵێم"، ئەو ڕستەیە بوو بەتوندترین هاواری بێدەنگیی منداڵانی سوریاو سیمبولی ئازارێک کەسنورەکانی بڕیی.

ئەمڕۆ، دوای 12 ساڵ لەو مۆتەکەیە، عەلی گەڕایەوە، بەڵام ئەمجارە نە بەگریان‌و نە لەژێر وێرانەکاندا، لەوەرچەرخانێکی مێژوییداو لەچوارچێوەی گۆڕانکارییەکانی حکومەتەکەی ئەحمەد شەرع، وەزارەتی ڕۆشنبیری سوریا بڕیاریدا عەلی مستەفا محەمەد وەک باڵیۆزی منداڵانی سوریا دەستنیشان بکات.

چاودێران باس له‌وه‌ده‌كه‌ن، ئەو هەنگاوە تەنها پۆستێکی فەرمی نییە، بەڵکو گۆڕینی ئاراستەی چیرۆکی نەوەیەکە کە لەناو پارچە تەقەمەنییەکاندا گەورە بون، عەلی کە دوێنێ تەنها پەنای (خودا) بوو، ئەمڕۆ دەبێتە دەنگی فەرمیی منداڵانی وڵاتەکەی لەكۆمه‌ڵگه‌ى نێودەوڵەتیدا، ئەو ئەرکی گواستنەوەی پەیامی ئەو منداڵانەی لەسەرشانە کە نەیانهێشت جەنگ خەونەکانیان بکوژێت.

دەستنیشانکردنی عەلی وەک باڵیۆز، وەک چرایەکی ئومێد دەبینرێت؛ ئەو بە هەموو جیهان دەڵێت، "ئەو منداڵەی دوێنێ هەموو شتێکی بەخودا وت، ئەمڕۆ هاتوە تا هەموو شتێک بۆ مرۆڤایەتی بگێڕێتەوە"، ئەمە چیرۆکی خۆڕاگرییەکە کە له‌هەستانەوە لەناو وێرانەیەکدا دەستیپێکردو لەلوتکەی دیپلۆماسیدا گیرسایەوە.

بەپەلە