شارپرێس:
ڕۆژنامەی "نیویۆرک تایمز" لەسەر زاری بەرپرسانی ئەمریکییەوە ئاشکرای کردووە کە لە چوارچێوەی سیناریۆکانی قۆناغی دوای جەنگی ئێران، ناوی مەحموود ئەحمەدی نەژاد، سەرۆکی پێشووتری ئێران، لە ناو بازنەی گفتوگۆکانی واشنتۆندا بووە.
ئەم پلانە بە ئامانجی پێشخستنی کەسایەتییەکی ناوخۆی کۆماری ئیسلامی بووە بۆ گرتنەدەستی دەسەڵات لە ئەگەری هەر گۆڕانکارییەکدا.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، هێرشەکەی سەر ماڵی ئەحمەدی نەژاد لە یەکەم ڕۆژی جەنگدا تەنیا کردەوەیەکی سەربازیی ئاسایی نەبووە، بەڵکو بەشێک بووە لە نەخشەیەکی بەرفراوانتر بۆ سەرلەنوێ ڕێکخستنەوەی گۆڕەپانی سیاسیی ئێران، بەتایبەت دوای کوژرانی عەلی خامنەیی و چەندین بەرپرسی باڵا لە لێدانە سەرەتاییەکاندا.
بەرپرسانی ئەمریکی لەسەر بنەمای زانیاریی هەواڵگریی کە ئاماژەیان بە ئامادەیی هەندێک کارەکتەر بۆ هاوکاری لەگەڵ واشنتۆن دەکرد، باسیان لە هێنانەپێشەوەی کەسایەتییەکی "پراگماتیکی" کردووە، لەم نێوەندەشدا ناوی ئەحمەدی نەژاد وەک سەرکردەیەکی بەئەزموون لە بەڕێوەبردنی دۆخی ناوخۆدا هێنراوە، سەرەڕای مێژووە توندڕەوەکەی بەرامبەر ئەمریکا و ئیسرائیل.
ڕاپۆرتەکە دەڵێت ئەحمەدی نەژاد لە هێرشەکەی سەر گەڕەکی نارمەک بریندار بووە و دواتر لەژێر چاودێریی ڕزگاری بووە و ئێستا شوێنی نادیارە، لە کاتێکدا گۆڤاری "زە ئەتلەنتیک" ئاماژەی بەوە کردووە کە ناوبراو لە پرۆسەیەکی هاوشێوەی "ڕاکردنی ڕێکخراو" لە دەستبەسەریی ماڵەوە ڕزگار بووە.
هەرچەندە پێشتر نەیارەتی ئەحمەدی نەژاد لەگەڵ دەسەڵاتی ئێران و تۆمەتبارکردنی بەرپرسان بە گەندەڵی بووە هۆی دوورخستنەوەی لە هەڵبژاردنەکان، بەڵام ئەم پلانە ئەمریکییە ڕووبەڕووی گومان بووەوە، چونکە کۆماری ئیسلامی توانی لە مانگەکانی سەرەتای جەنگدا سەرەڕای گورزە گەورەکان، هاوسەنگی و یەکگرتوویی خۆی بپارێزێت و بەشێکی زۆری ئەو گرەوانە نەهاتنە دی.