شارپرێس:
یەكێك لهتیمی لەپارێزەرانی لاهور شێخ جەنگی ئاشكرایدەكات، نوسراوی گواستنەوەی كەیسی گیراوانی لالەزار بۆ دادگای تەمیزی هەرێم دەرچوەو براوەتە دادگای تاوانەكانی دوی سلێمانی.
دانا تهقیهدین یهكێك لەتیمى پارێزەرانی لاهور شێخ جهنگىو گیراوانى لالهزار ئاشكرایكردوه، "ئەمڕۆ نوسراوی جەختكردنەوە بۆ گواستنەوەی كەیسی گیراوانی لالەزار هاتوهتە دادگای پێداچونەوە تاوهكو كاری لەسەربكرێت بۆ گواستنەوەی دادگاییكردنەكە بۆ دادگای تەمیزی هەرێم".
جهختیشیكردهوه، "ئەگەر ئەم بڕیارە پەسەندبكرێت، ئهوا دادگای تەمیزی هەرێم دەتوانێت نەك دادگاكە، بەڵكو ئەوشارەش بگۆڕێت كە دادگاییەكەی تێدا دەكرێت، واتە ببرێتە شاری هەولێر".
ئهو پارێزهره جهختدهكاتهوه، کێشەی یاسایی لاهور شێخ جەنگیو گیراوانى دیكه بۆ شەوی 22ی ئابی 2025 دەگەڕێتەوە، کاتێک هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی (دژە تیرۆر، ئاسایشو کۆماندۆ) دوای گەمارۆدانێکی سێ کاتژمێرییو ڕوبەڕوبونەوە، هێرشیانکردەسەر هۆتێل لالەزار لەشاری سلێمانی، ئەوەش دوای ئەوەهات کە لاهور شێخ جەنگی ڕەتیکردەوە خۆی ڕادەستبکات، لەو هێرشەدا لاهور شێخ جەنگی، پۆڵاد شێخ جەنگیی براییو ژمارەیەک لەئەندامانی هێزەکەی دەستگیرکران.
پێشتریش وتبوى، لەڕۆژی 12ى 1ى 2026، بۆ یەکەمجار لاهور شێخ جەنگی كاتێك برایه بەردەم دادوەر لەدادگای سلێمانی، بەڵام لەو دانیشتنەدا دادوەر بڕیاری کۆتایی نەداو ڕایگەیاند، بۆ وردبینیی زیاتر، دۆسیەکە ڕەوانەی دادگای تێهەڵچونەوەی هەرێم لەهەولێر دەکرێت.
ههروهك پێشتریش بورهان ڕهشید سەرۆکی تیمی پارێزەرانی لاهور شێخ جەنگی لەلێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگهیاندبوو، "بهگوێرهى یاسا نابێت لەئێستادا لاهور شێخ جەنگیو گیراوانی دیکەی لالەزار دادگایی بکرێن، چونکە نوسراوێکمان ئاراستەی دادگای پێداچونەوەی هەرێم کردوە، بەڵام دوای مانگێک ئاسایشی سلێمانی پێیانوتوین کە نوسراوەکە ون بوەو ناچار نوسراوێکی دیکەمان ڕادەستی ئاسایش کردوە".
دهشڵێت، "بهگوێرهى یاسا، تاوهکو دادگای تەمیز وەڵامی نوسراوەکەی ئێمە نەداتەوە، ناتوانرێت دادگاییکردنی لاهور شێخ جەنگیو گیراوانی دیکەی لالەزار دەستپێبکات".
لەبارەی هەوڵەکان بۆ گواستنەوەی دۆسیەکە بۆ دادگای هەولێر، بورهان ڕهشید باسى لهوهشكردبوو، "جارێ نازانرێت کە ئایا دادگای پێداچونەوە دۆسیەکە دەگوازێتەوە بۆ دادگای هەولێر، یاخود دەینێرێتەوە بۆ دادگای سلێمانی".