کاره‌ساتی دارایی لەژێر پەردەی بێدەنگیدا؛ چۆن دۆلاری باجدەرانی ئەمریکی لەگەروی شەڕی ئێراندا دەسوتێت؟

جیهان

6 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1363 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەکاتێکدا کە کۆشک‌و تەلارەکانی بڕیار لەواشنتۆن لەسەر لێواری بێدەنگییەکی گوماناوی ڕاوەستاون، ژمارە دزەپێکراوەکان دەبنە شایەتحاڵی ڕاستییەکی تاڵ، جەنگی دۆزەخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تەنها هێڵەکانی بەرگری نەبەزاندوە، بەڵکو گەنجینەی گەورەترین زلهێزی جیهانیشی توشی شۆکێکی مێژویی کردوە.


ماڵپەڕی لێکۆڵینەوەی ئەمریکی "Iran War Cost" ڕاپۆرتێکی توندو بەڵگەدار فڕێدەداتە نێو کایەی میدیاوە، کاتێک ئاشکرایدەکات کە تێچوی شەڕی هێزەکانی ئەمریکا دژی ئێران، سنوری خەیاڵی 100 ملیار دۆلاری تێپەڕاندوە.

لەکاتێکدا کە وەزارەتی بەرگری ئەمریکا (پێنتاگۆن) بەتوندی تەمومژ بەسەر ئامارە ڕاستەقینەکاندا دەکێشێت‌و خۆی لەبەردەم لێپرسینەوەی شەقام دەشارێتەوە، داتاکان نیشانیدەدەن کە ئەو ملیاران دۆلارەی لەباجی هاوڵاتیانی ئەمریکی کۆدەکرێتەوە، ئێستا لەدەریاو ئاسمان‌و زەوییەکانی ناوچەکەدا دەبنە خۆڵەمێش، ئەم تێچوە سامناکە تەنها نرخی تەقەمەنی نییە، بەڵکو خەرجی ڕۆژانەی هێزەکان، بژێویی‌و چاککردنەوەی بەردەوامی ئەو کەشتییە جەنگی‌و فڕۆکەهەڵگرانەیە کە بۆ ڕێگریکردن لەهێرشەکانی ئێران لەئاوەکانی ناوچەکەدا جێگیرکراون.

سەرچاوەی هاوکێشە داراییەکە دەگەڕێتەوە بۆ ڕاپۆرتێکی نهێنی خودی پێنتاگۆن کە پێشتر پێشکەشی کۆنگرێسی کردبوو، به‌گوێره‌ى ئەو بەڵگەنامەیە، تەنها شەش ڕۆژی یەکەمی هەڵگیرسانی ئەم ململانێیە بڕی 11.3 ملیار دۆلاری قوتداوە، پاشان، جەنگەکە گۆڕاوە بۆ ئامێرێکی ڕۆژانەی پارەخواردن، بەجۆرێک کە گەنجینەی ئەمریکا ناچاربوە بۆ هەر ڕۆژێکی بەردەوامیی ئەم شەڕە، یه‌ك ملیار دۆلاری دیکە بڕژێنێتە نێو گۆڕەپانەکەوە.

لەکۆتایی مانگی نیسانی ڕابردودا، جۆڵز هێرست بەڕێوەبەری کاتی بەشی دارایی پێنتاگۆن، هەوڵیدا لەبەردەم ڕای گشتیدا قەبارەی خەرجییەکان تەنها بە 25 ملیار دۆلار پێشانبدات، بەڵام چاودێرانی سیاسی‌و دارایی پێیانوایە، ئەو ئامارە تەنها ڕوکەشێک بوە بۆ هێورکردنەوەی توڕەیی کۆنگرێس‌و ڕێگریکردن لەداڕمانی متمانەی ئابوری، ئەمڕۆش بەتێپەڕبوونی تێچوەکە لەهێڵی سوری 100 ملیار دۆلار، واشنتۆن لەبەردەم پرسیارێکی چارەنوسسازدایە: ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ ئاخۆ ئەو جەنگە بێ کۆتاییە تا کەی ئابوری ئەمریکا بەرەو لێواری داتەپین دەبات؟