شارپرێس:
لەکاتێکدا کۆمەڵگەی سوریا هێشتا بەدەست برینەکانی جەنگەوە دەناڵێنێت، مەترسییەکی نوێو بێدەنگ لەپشت دەرگا داخراوەکانەوە سەرهەڵدەدات، لێکۆڵینەوەیەکی بنکۆڵکاریی شۆکهێنەر بڵاوکراوەتەوە، پەردە لەسەر چالاکییە گوماناوییەکانی تۆڕێکی مۆڵەتنەدراوو نایاسایی لادەدات بەناوی "دار الأخوات" (ماڵی خوشکان)، ئەم تۆڕە لەژێر دروشمی فێرکاریی ئایینیو لەبەرکردنی قورئاندا، پرۆسەیەکی مەترسیداری گۆشەگیرکردن، شوشتنەوەی مێشکو دابڕانی کچانی گەنجو نەوجەوان لەخێزانەکانیان بەڕێوەدەبات.
بەڵگەو شایەتحالییە کۆکراوەکان نیشانیدەدەن کە ئەم ناوەندانە، کە بەبێ هیچ چاودێرییەکی فەرمی حکومەت یان لایەنە پەیوەندیدارەکان کاردەکەن، کۆتوبهندى توند بەسەر ژیانی ئەو کچانەدا دەسەپێنن کە ڕویان تێدەکەن.
لێکۆڵینەوەکە دەریخستوە کە کچان لەم ناوەندانەدا ڕوبەڕوی جۆرێک لە"کۆنترۆڵی دەرونیی ڕەها" دەبنەوە؛ ڕێگرییان لێدەکرێت لەپەیوەندیکردن بەدایکو باوکیان، بەکارهێنانی مۆبایلو ئینتەرنێتیان لێ قەدەغە دەکرێتو ناچاردەکرێن تەواوی ژیانیان لەنێو ئەو چواردیوارەدا کورتبکەنەوە، بەجۆرێک شیرازەی خێزانیی چەندین ماڵباتی سوری بەهۆی ئەم دابڕانەوە هەڵوەشاوەتەوە.
خاڵی هەرە مەترسیدار لەم دۆسیەیەدا ئەوەیە کە "دار الأخوات" وەک قەوارەیەکی فەرمی یان جێگەی متمانە تۆمارنەکراوە، ئەوان لەدەرەوەی چوارچێوەی یاساو ڕێنماییەکانی وەزارەتی ئەوقاف یان کاروباری کۆمەڵایەتی کاردەکەن، ئەم ونبونی چاودێرییە ڕێگەی خۆشکردوە بۆ سەرپەرشتیارانی ئەم ماڵانە تا بەئارەزوی خۆیان جۆرە بیرکردنەوەیەکی توندڕەوانەو گۆشەگیرانە بەسەر کچاندا بسەپێنن، بەبێئەوەی لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت.
ئەم لێکۆڵینەوە بنکۆڵکارییە وەک زەنگێکی مەترسیی بەهێز وایە بۆ کۆمەڵگەی سوریاو ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤو پاراستنی ژنان، دۆسیەی "دار الأخوات" تەنها چیرۆکی چەند ناوەندێکی ئایینی نییە، بەڵکو پەردە لادانە لەسەر دیاردەیەکی ڕێکخراو کە تێیدا بێدەسەڵاتیی کچانی گەنجو ناچاریی ئابوریی خێزانەکان دەقۆزرێتەوە بۆ دروستکردنی نەوەیەکی دابڕاو لەکۆمەڵگە.
