ئاگربەست بەتوندی ڕەتكرایەوە

جیهان

8 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 3225 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئاژانسێكی ئەمریكی ئاشكرایكرد، حزبوڵای لوبنان و ئیسرائیل بەتوندی ئاگربەست ڕەتدەكەنەوە، بەوەش دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەچێتە قۆناغێكی هەستیارەوە.


ئاژانسی ڕۆیتەرز لەڕاپۆرتێكی وردا ئاشكرایكردوە، گرژییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەچنە قۆناغێکی نوێوە،  بەتایبەت لەدوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا، هەوڵی هێورکردنەوەی دۆخەکە دەدات، حزبوڵای لوبنانی و ئیسرائیل بەتوندی رێککەوتنی ئاگربەست و کشانەوەی هێزەکان ڕەت دەکەنەوە. 

ڕۆیتەرز ئەوەشی خستوەتەڕوو، كە تاران ئاگربەستی لوبنانی کردوەتە مەرجێکی سەرەکی بۆ هەر جۆرە رێککەوتنێکی ئاشتی لەگەڵ واشنتۆن. 

هاوكات، نەعیم قاسم رێبەری حزبوڵای لوبنانی، بە وندی ئەو رێککەوتنەی ڕەتکردەوە کە بەنێوەندگیری ئەمریکا لەنێوان ئیسرائیل و حکومەتی لوبنان ئامادەکرابوو. 

حزبوڵڵا دەڵێت ئەوان لایەنێک نەبون لەو دانوستانانەو پابەندی نابن، تائێستاش تەلئەبیب و بەیروت هیچ وەڵامێکی فەرمیان سەبارەت بەو هەڵوێستە نەبوە.

لەڕاپۆرتەكەی ڕویتەرزدا ئاماژە بۆ ئەوەشكراوە، دەسەڵاتدارانی کوەیت ڕایانگەیاند کە فڕۆکەخانەی وڵاتەکەیان کەوتوەتە بەر هێرشی هێزەکانی ئێران و بەهۆیەوە کەسێک کوژراوەو زیاتر لە 60 کەسی دیکەش بریندار بون. هاوکات سوپای ئەمریکاش وەک وەڵامدانەوەیەک، هێرشی کردە سەر ناوچەکانی دەوروبەری گەروی هورمز.

ئەوەش ڕونكراوەتەوە كە جەنگەکە تەنیا لەگۆڕەپانی سەربازیدا نەماوەتەوە، بەڵکو گەروی هورمزی وەک شاڕەگی وزەی جیهان پەکخستوە. لەعومان، هێرشێکی درۆنی بوەتە هۆی تەقینەوەو ڕاگرتنی گواستنەوەی نەوت تێرمیناڵی مینا ئەلفەحل. هەرچەندە نرخەکانی نەوت لەبازاڕەکانی جیهاندا بەرێژەی 3% دابەزیون، بەو ئومێدەی دیپلۆماسییەت سەرکەوێت، بەڵام داتاکان نیشانی دەدەن هەناردەی نەوتی ئێران گەیشتوەتە نزمترین ئاستی 6 ساڵی ڕابردوو.

لەکۆتاییدا، دۆناڵد ترەمپ کە لەناوخۆی وڵاتەکەی لەژێر فشاری هەڵبژاردنەکانی مانگی تشرینی دوەمدایە، سورە لەسەر ئەوەی رێگە نەدات ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، هەرچەندە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی دەڵێت بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران لەم سێ مانگەی جەنگدا هیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردا نەهاتوە.

بەپەلە