شەپۆلی لەسێدارەدان لە ئێران و رۆژهەڵاتی كوردستان بەردەوامە

کوردستان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 161 جار خوێندراوه‌ته‌وه

 
شارپرێس:

 شەپۆلی لەسێدارەدانی گەنجان و بەندكراوانی سیاسی لە ئێران و رۆژهەڵاتی كوردستان بەتایبەت بەشداربووانی خۆپیشاندانەكانی زستانی رابردوو لەلایەن ئێرانەوە بەردەوامە.

بەگوێرەی راپۆرتی رێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سزای سێدارەی فەتحوڵڵا ئاوەری بە شێوەیەكی نهێنی و بەبێ هەبوونی مافی دوایین چاوپێكەوتن لەگەڵ بنەماڵەكەی، لە بەندیخانەی ناوەندیی هەمەدان جێبەجێ كراوە. 

دەزگای دادوەریی كۆماری ئیسلامیی ئێران ئەم هاووڵاتییە خۆپیشاندەرەی بە تۆمەتی "شەڕی دژی خوا" لە ڕێگەی كوشتنی یەكێك لە ئەندامانی هێزە حكومییەكان بە ناوی محەممەد جەواد بەخشیان، لە كاتی خۆپیشاندانەكان لە شاری هەمەدان لەسێدارە داوە.

هاوكات سزای سێدارەی دوازدە بەندكراوی بەلوچ، تورك، ئەفغانستانی و  كوردی جێبەجێكردووە، لەوانە سەعید دێهقانیزادە، بۆرزوو مووسازادە، عەباس بەیات، عەلی‌ئەكبەر سەرابی ‌مووقەدەم، سالار شێخی، محەممەد عوسمان دانەبوڕچین،  قادر خودامورادی، محەممەدسدیق بەلووچی، عیسا شەكووریان و پەرویز وەلیزادە کە سزاکەیان لە بەندیخانەكانی عادڵ‌ئاوای شیراز، زەنجان و سەبزەوار جێبەجێ كرا.

بەگوێرەی داتاكانی رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ لە مانگی ئایاری رابردوودا 83 كەس لەلەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە لەسێدارە دراون.