شارپرێس:
سەرۆکی پێشوی دەزگای هەواڵگریی سەربازیی ئیسرائیل ئاشکرایدەکات، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ دەستێوەردانی لەبڕیارەکانی دۆناڵد ترەمپدا کردوەو پلانێکی هاوبەشی واشنتۆنو تەلئەبیبی بۆ ڕوخاندنی ڕژێمی ئێران پوچەڵکردوەتەوە، تەنها لەبەر ترسی بەهێزبونی پێگەی کورد لەناوچەکەدا.
پەردە لەسەر یەکێک لەمەترسیدارترین نهێنییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لادەدەرێت؛ پلانێکی هاوبەشی ئەمریکاو ئیسرائیل بۆ ڕوخاندنی ڕژێمی تاران، لەچرکەساتی کۆتاییدا بەهۆی «فۆبیای کورد»ەوە لەلایەن ئەنكەرەوە پوچەڵکرایەوە.
لەکاتێکدا دۆخی باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا لەسەر لێوارێکی لێڵو پڕ لەگرژیی ڕاوەستاوە، لێدوانە کتوپڕەکانی بەرپرسانی باڵای هەواڵگریی ئیسرائیل، تەقینەوەیەکی سیاسیی گەورەیان لەناوچەکەدا دروستکردو پەردەیان لەسەر کواڵیسی گەمەیەکی گەورە لادا.
تامێر هایمان سەرۆکی پێشوی دەزگای هەواڵگریی سەربازیی ئیسرائیل (ئەمان) ئاشکرایکرد، واشنتۆنو تەلئەبیب لەپشت پەردەوە نەخشەی پلانێکی نهێنىو گشتگیریان کێشابوو بۆ کۆتایهێنان بەدەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران، تەوەری سەرەکیو بزوێنەری ئەم پلانە هاوبەشە، پشتبەستن بوو بەهێزو بازوی چەکداریی کورد لەناوچەکەدا.
بهگوێرهى پلانەکە، هێرشە سەربازییەکانی واشنتۆنو تەلئەبیب لە 28ی شوباتى ئهمساڵدا، تەنها سەرەتای جێبەجێکردنی ستراتیژییەتێکی فراوانتربون بۆ هێنانە کایەی گۆڕانکاریی ڕیشەییو گەڕاندنەوەی مەحمود ئەحمەدی نەژاد بۆسەر کورسیی دەسەڵاتی تاران، بەڵام لەوکاتەی پلانەکە گەیشتبوە لێواری جێبەجێکردن، دۆناڵد ترەمپ لەژێر گوشاری ڕاستەوخۆو چڕی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیادا پاشەکشەیکرد.
بهوتهى تامێر، ئەردۆغان کە بەهۆشیارییەوە مهترسییهكانی بۆسهر ئاسایشی نەتەوەیی وڵاتەکەی دەخوێندەوە، ترەمپی قەناعەت پێکرد کە ڕوخانی تاران بەدەستی کورد، دەبێتە هۆی دروستبونی قەوارەیەکی کوردیی بەهێز لەناوچەکەدا کە بۆ ئەنكەرە هێڵی سورە.
چاودێران پێیانوایه، ئەم لێکترازانە ستراتیژییەو باڵادەستبونی بەرژەوەندیی وڵاتانی دراوسێ، جارێکی دیكه ڕاستییەکی تاڵ بۆ هێزەکانی ڕۆژئاوا دوبارەدەکاتەوە؛ متمانەکردن بەهاوپەیمانییە دەرەکییەکان ڕێگهیەکی نادیارە کە ڕەنگە هەر کاتێک بێت دەرگا بۆ گەڕانەوەی مەترسییەکانی وەک داعش بکاتەوە.
ههروهك چاودێران جهختدهكهنهوه، لەناو ئەم گێژاوەدا، تەنها هێزێكى پۆڵایینو پشتبەستن بەناوخۆ دەتوانێت قەوارەی کورد بپارێزێت، ئێستاش کاتی ئەوەیە هێزەکانی ناوچەکە لەبری چاوەڕوانیکردنی بڕیارەکانی کۆشکی سپی، سەرجەم تواناکانیان بۆ تەیارکردنی بەرەی ناوخۆییو ڕێکخستنەوەی ڕیزەکانیان یهكبخهن تا لەهەمبەر لێکەوتە کارەساتبارو درێژخایەنەکانی ئەم گۆڕانکارییە هەرێمییانەدا خۆڕاگربن.
